وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران : عێراق و ئێران مێژوویه‌كی هاوبه‌شیان هه‌یه
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغدای پایتەختی عێراق و به نیازه سەردانی هەرێمی کوردستانیش بكات .
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەردانێک گەیشتووەتە عێراق دەستپێکی سەردانەكه‌ی لەگەڵ محەممەد عەلی حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوهو دوای كۆبونه‌وه‌كه ،وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوشانە عێراقییەکەی جەختی لە سەر پەیوەندی بەهێزی نێوان عێراق و ئێران کردەوە.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگه‌یاند: “ئێران و عێراق مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە، خەڵک پەیوەندی زۆر نزیکیان هەیە، ساڵانە خەڵکی عێراق پێشوازی لە ملیۆنان ئێرانی دەکەن و خەڵکی ئێرانیش پێشوازی لە ملیۆنان عێراقی دەکەن. ئەم پەیوەندییانە زۆر بەهێزن و ناکرێت دەستتێوەردانیان تێدا بکرێت. ئەو پەیوەندییانە زیان بە هیچ کەس ناگەیێنێن و رێگەش نادەین هیچ کەس دەستوەربداتە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران”.
لای خۆیه‌وه بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ،له‌باره‌ی ئه‌جێندای سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گووتی:” ئامانجی سەردانەکەی وەزیری دەرەوە و شاندی یاوەری بەشدارییکردنە لە کۆنفرانسی بازرگانیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات”.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دوای به‌غدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و دواتر ده‌چێته كه‌ربه‌لا و رۆژی چوارشەممە 16ـی كانوونی دووه‌می 2019 بەشداریدەکات لە سێیەمین کۆنفرانسی نێوان وەبەرهێنەرانی ئێرانی و عێراقی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، دواتر سەردانی نەجەف دەکات و رۆژی پێنجشەممەش دەگەڕێتەوە ئێران.