به‌رپرسێكی گۆڕان : هه‌ڵكردنی ئاڵا له‌ نیوه‌ شه‌ودا خیانه‌تێكی تر بوو له‌ كه‌ركوك كرا

یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان،دره‌نگانی شه‌وی سێشه‌ممه‌ 8ی كانونی دوه‌م2019 له‌سه‌ر باره‌گاكانی له‌ كه‌ركوك ئاڵای هه‌رێمی له‌پاڵ ئاڵای عێراق و حزبه‌كه‌یدا هه‌ڵكرد، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌ هۆی خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ بالێكی یه‌كێتی  رێكه‌وتنی ژێر به‌ژێری له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ ئێرانیه‌كان كردبوو دواتر شاره‌كه‌ ڕاده‌ستكرا و ئاڵای هه‌رێمی كوردستانیش هێنرایه‌ خواره‌وه‌ .

هێمن شێخانی، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان له‌ چاوپێكه‌وتنیكی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌ بارەی ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك رایگه‌یاند: “كه‌ركوك شارێكی كوردستانییه‌ و له‌ پێناوی خوێن رژاوه‌ و قوربانی بۆ دراوه‌ “.

هێمن شێخانی به‌رپرسی مه‌كۆی هه‌ولێری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گوتیشی: دوای خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و بۆ جارێكی تر له‌ لایه‌ن تاقمێكه‌وه‌ خیانه‌ت له‌ شاری پیرۆزی كه‌ركوك كرایه‌وه‌ بۆ مه‌رامێكی شه‌خسی یاخوود حیزبی ئاڵای كوردستان بۆ رۆژێك و دواتر داگرتنه‌وه‌ی به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستووری نییه‌ كارێكی زۆر هه‌ڵه‌ بوو”.

هێمن شێخانی به‌رپرسی مه‌كۆی هه‌ولێر و ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆران ده‌شڵێت: “كاتێك كه‌ ئاڵای پیرۆزی كوردستان هه‌ڵده‌كه‌یت ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكه‌یته‌وه‌ باجه‌كه‌شی هه‌ر چی بێت بیده‌ی چونكه‌ له‌ مێژووی كوردایه‌تیدا هه‌میشه‌ ئاڵای كوردستان باجی له‌ پێناو دراوه‌”.

لای خۆیه‌وه‌ راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری سه‌پێنراوی كه‌ركوك به‌بێ ناوهێنانی هیچ لایه‌نێك ،گووتی :” هه‌ڵكردنی ئاڵا له‌ كه‌ركوك موزایه‌ده‌ی سیاسییه‌ “.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌ ئازاری 2017دا هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە فەرمانگەكانی شارەكە پەسەندكرد لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەردوو پێكهاتەی عەرەب ‌و توركمان بایكۆتیان كرد، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.

 

Back to top button