بالیۆزخانەی بەریتانیا شاسوار عەبدولواحید بەدرۆ دەخاتەوە
دوای ئەوەی دوێنێ كەناڵی (ئێن ئارتی) زمانحاڵی نەوەی نوێ هەواڵێكی بڵاوكردەوە كە پاش كۆبوونەوەی بالیۆزی بەریتانیا و شاسوار عەبدولواحید گوایە بالیۆزی بەریتانیا رایگەیاندووە پشتگیری ئەم جۆە حكومڕانیەی كوردستان ناكات, ئێوارەی ئەمڕ كۆنسوڵگەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە میانی روونكردنەوەیەكدا كەناڵی (ئێن ئار تی)ی زمانحاڵی نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحیدی بەدرۆ خستەوە و رایگەیاند باڵیۆزی بەریتانیا ئەم قسانەی نەكردووە كە ئەوان بڵاویان كردووەتەوە.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە كە جۆن ویڵكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە دیدارێكیدا لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، لە بارەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستانی عێراق بە ناوبراوی راگەیاندووە كە بەریتانیا پشتیوانی ریفۆرم دەكات لە هەرێمی كوردستان.
هەروەها هاتووە “بەڕێز باڵیۆز ڕایگەیاند كە بەریتانیا پشتیوانی چاكسازی دەكات بە مەبەستی هاتنەدی كرانەوەیەك بەڕووی كەرتی تایبەت، میدیای ئازاد و كۆمەڵگەی مەدەنی. تا ئەم كرانەوە زیاتر بێت، داهاتوویەكی گەشتر بەدی دێت. باڵیۆز ئاشكراشی كرد كە پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ زۆرینەی پارتە سیاسییەكان هەیە، بەڵام ئەوە بە مانای لایەنگری یان دژایەتیكردنی لایەنێك نایەت. ڕۆڵی سەرەكی ئێمە كاركردنە لەگەڵ حكومەتەكان بە مەبەستی خزمەتكردنی بەرژەوەندییە دوولایەنەكان. ئەمە پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە و گفتوگۆمان لەبارەی چاكسازییەوە هەیە بەو هیوایەی هەم هەرێمی كوردستان و هەم عێراق سوودی لێ ببینن”.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە دوێنێ ئێن ئار تی بڵاوی كردبووەوە كە گوایە باڵیۆزی بەریتانیا بە شاسوار عەبدولواحیدی راگەیاندووە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی هەرێمی كوردستان ناكەن.
ئێن ئار تی دوای ئەم روونكردنەوەیەی باڵیۆزخانەی بەریتانیا، مانشێت و ناوەڕۆكی هەواڵەكەی گۆڕی، لە خوارەوە وێنەی هەردوو هەواڵەكە ببینە.