پارتی وبزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت كۆدەبنەوە, بەر پرسێكی گۆڕان دەلێت ناكرێت یەكێـتی حەساسیەتی بە گۆڕان هەبێت
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە, بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرای دەكات كە لە ڕۆژانی داهاتوودا شاندی باڵای پارتی و گۆڕان بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم كۆدەبنەوە.
نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: “وابڕیارە دوای كۆبوونەوەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا كات و ساتی كۆبوونەوەكە دیارینەكراوە”.
گوتیشی: “بڕیاری بەشداریكردنی بزووتنەوەی گۆڕان، لە كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە شاندی دانوستاندكاری بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەیە بێگومان ئەو لیژنەیە كاتێك لەگەڵ شاندەكەی پارتی كۆبوونەوە ئەگەر پێویستی كرد ڕاوێژ بە جڤاتی نیشتمانی دەكەن و جڤاتی نیشتمانی بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر بەداشداری كردنی گۆڕان لە كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات”.
ئەو بەر پرسەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتوشیەتی : “بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت لەم كابینەیەدا هاوبەشی ڕاستەقینەی دەسەڵات بێت و نامەنەوێ تەنیا بەشدار بین، هەروەها دەمانەوێ وەزیرەكانمان دەستكراوە بن و ڕێگری لە ئیش و كاری وەزیرەكانمان نەكرێت، بۆئەوەی هەموومان لەم كابینەبەدا بتوانین بەبێ جیاوازی خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین”.
ڕاشیگەیاند: “ئەو لایەنانەی كە بەشداری كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، مافی ڕەوای خۆیانە بەڵام كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری دا بەشداری ئەم حكوومەتە بكات، ناكرێت یەكێتی حەساسییەتی بە بزووتنەوەی گۆڕان هەبێت، چونكە ئێمە هیچ پەیوەندیەكمان لەگەڵ یەكێتی نییە و تەداخولی ئەوە ناكەین ئایا یەكێتی چۆن بەشداری دەكات و چۆن بەشداری نەكات”.
ئەندامەكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان هیواشی خواست كە كۆبوونەوەی داهاتوو دوا كۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكان بێت و چیدی پێكهێنانی كابینەی حكوومەت دوانەكەوێت.