وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات هیچ بەرپرسێكی یەكێتی نابینێت
دوای ئەوەی دوێنێ جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراقی كرد, بڕیارە سبەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و بەرپرسێكی هەرێمیش دەڵێ، سەردانەكە هەم سیاسی و هەمیش بازرگانییە بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان هەولێر و تاران.
عەبدوڵا ئاكرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەرێم و ئێران، ڕایگەیاند: “سەردانی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان، هەم سەردانێكی سیاسییە و هەمیش بازرگانییە، وەزیری دەرەوەی ئێران دەمێك بوو سەردانی هەرێمی كوردستانی نەكردبوو و هەردوو لامان پێمان خۆش بوو ئەو سەردانە ئەنجام بدرێت، لە ڕووی بازرگانییەوە شاندێكی باڵای بازرگانی دێتە هەرێم كە لە گەورەبازرگان و بەرپرسانی بازرگانیی ئێران پێكهاتووە و نزیكەی 40 كەس دەبن، مەبەست لەو شاندە بازرگانییەیش، كە یاوەریی جەواد زەریف دەكەن بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەیە كە بەشداری لە كۆنفڕانسێكی بازرگانیدا بكەن، كە بڕیارە دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لە شاری سلێمانی بەڕێوە بچێت”.
ئەو بەرپرسەی هەرێمی كوردستان، باسی لەوەشكرد: “هەمان رۆژ شاندی باڵای بازرگانیی ئێران، لە شاری ھەولێر لەگەڵ ژووری پیشەسازی و بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەبارەی رەوشی بازرگانیی نێوان هەردوولا كۆ دەبنەوە”.
لەبارەی رەوشی سیاسییەوە، ئاكرەیی ئاماژەی دا: “وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش كۆبوونەوە و دیداری دەبێت، بێگومان مەبەست لەو كۆبوونەوانە، پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێرانە، چونكە هەرێمی كوردستان نزیكەی 600 كلیۆمەتر سنووری لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە و ھەبوونی ئەو سنوورە بەرفراوانەیش بێ كێشە نییە”.
بە پێی وتەكانی ئەو بەر پرسەی بێت, جەواد زەریف هیچ بەر پرسێكی یەكێتی نابینێت كە میدیاكانی یەكێتی رایان گەیاندبوو ئەگەری هەیە سەردانی یەكێـتی بكات.