مەسرور بارزانی: بهرەچاوکردنی دەستوری عێراق ھەوڵ بۆ نەھێشتنی کێشەکان دەدرێت
ئەمڕۆ سێ شەممە مهسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کران و دووپات لە پەرەپێدانی پێوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەردوو گەلی فەرەنسا و كوردستان لە بوارە جیاجیاکان كرایەوە.
لەسەرەتای دیدارەکەدا مەسرور بارزانی سوپاسی گەل و حكومەتی فەرەنسا و ههوڵهكانى سەرۆک ئیمانوێل ماكرۆنی کرد لە پشتیوانی و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان، بەوەی فڕەنسا لە گشت قۆناغەکاندا هاوكار و پشتیوانێکی گەورەی خەباتی گەلی كوردستان بووە.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق تیشکی خستە سەر پێشڤەچوونەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا و ئاماژەی بەوەدا کە بە رەچاوکردنی دەستوری عێراق ھەوڵ بۆ نەھێشتنی کێشەکان دەدرێت.
هەر لەو دیدارەدا لەبارەی ئەگەر و هەلومەرجەکانی بارودۆخی سووریا جەخت لە گرینگی هێورکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەری سیاسیانەی کێشەکانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەک کرایەوە، کە ویست و مافی هەموو پێکهاتەکان لەخۆبگرێت.
هاوکات ژان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ھیوای سەرکەوتنی بۆ مەسروور بارزانی لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواست و تیشکی خستە سەر شێوازی فراوانکردنی پێوەندییەکانی نێوان هەردوولا و رایگەیاند، پەیوەندی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان مێژوویی و گرینگن . هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بە قۆناغی نوێی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا نیشاندا، دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی لە پشتیوانی و هاوکاری هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.