ئێرانییه‌كان داوایه‌كیان له‌ به‌رپرسانی عێراقی هه‌یه‌

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودی ،سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت  ،ده‌ڵێت :” ئێران داوای له‌ حكوومه‌تی عێراق كردووه‌، خشته‌ی سه‌ردان و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ به‌غدا و هه‌ولێر ئاشكرا نه‌كات، كه‌ له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی سیاسی و بازرگانی گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا.

سه‌رچاوه‌كه‌ به‌ ڕۆژنامه‌ی عوكازی سعودی گوتووه‌ “پاساوی تاران بۆ ئه‌و داواكارییه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ باڵیۆزخانه‌كه‌ی له‌ به‌غدا خشته‌ی دیدار و پرۆگرامه‌كانی وه‌زیر رێكده‌خات. ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی تووڕه‌بوونی چه‌ند كوتله‌یه‌كی په‌رله‌مانی عێراق و كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی بڵێن “ئێران خۆی به‌ خاوه‌ن و سه‌رپه‌رشتیاری عێراق ده‌زانێت”.

رۆژنامه‌ی عوكازی سعودی ڕایگه‌یاند:”  باڵیۆزخانه‌ی ئیران له‌ به‌غدا پرۆگرامێكی چڕو پڕ و ته‌واوی بۆ سه‌ردان و دیداره‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی رێكخستووه‌، له‌و پرۆگرامه‌دا كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كوتله‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و دیداره‌ فه‌رمییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ خۆگرتووه‌.

هه‌روه‌ها ده‌شلێت : “وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی سیاسی له‌ هه‌گبه‌دایه‌ و دیارترینیان پرسی ته‌واوكردنی حكوومه‌ته‌ كه‌ هێشتا ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌ت به‌ به‌تاڵی ماونه‌ته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌یه‌وێت هه‌ڵوێستی عێراق له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر تاران بزانێت”.

له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رۆژنامه‌كه‌ نوسیویه‌تی و ده‌شلێ:”  وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ خۆیدا گه‌وره‌ سه‌رمایه‌دار و پیاوانی كاری ئێرانیشی هێناوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ واشنتن فشاری بۆ سه‌ر به‌غدا زیادكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ هاوكاریی بازرگانی له‌گه‌ڵ تاران هه‌ڵگرێت”.

Back to top button