وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا: سه‌ردانه‌كه‌م سه‌ردانێكی دۆستانه‌و وه‌فادارانه‌و ڕێزگرتن بوو له‌ كوردو كوردستان

وه‌زیری  دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان گووتی: دەتوانم بڵێم “سەردانەکەم سەردانێکی دۆستانە و وەفادارانە و رێزگرتن” بوو

ژان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “سەردانەکەم سەردانێکی دۆستانە و وەفادارانە و رێزگرتن بوو. رێزگرتن بۆ کورد و کوردستان، بەهۆی ئەوەی پێشتر کە سەردانی هەرێمی کوردستانم کرد، داعش نزیک بوو و ناوچەیەکی زۆری لەدەستبوو، پێشمەرگەش لە شەڕدابوو لەدژی داعش و رۆڵێکی کاریگەری بینی لە شەڕی دژی داعش، هەروەها دەڵێم سەردانەکەم دۆستانە وەفادارانە بوو، بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و کورد پەیوەندیی دێرینن و سەرۆک بارزانی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سەرۆکەکانی فەرەنسادا هەبووە، منیش ئەو چانسەم هەبووە کە پەیوەندییەکی زۆر دۆستانەم لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا هەبێت”.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا باسی لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و رایگەیاند “پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا زۆر باشترن و لە شەرعییەتەوە سەرچاوەیان گرتووە. لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان، حکومەتێکی نوێ لە عێراق پێکهاتووە، هەروەها حکومەتێکی نوێ لە هەرێمی کوردستانیش پێکدەهێنرێت و هەلومەرجێکی لەبار هاتووەتە پێش بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی نوێ لەنێوان هەولێر و بەغدا”.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی لە ناوچەکەش کرد و گوتی “دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەلایەک زۆر باشە، لەلایەکیش زۆر ئاڵۆزە، باشتربووە بەهۆی ئەوەی داعش لەسەر زەوی لەنێوبراوە و خاکی بەدەستەوە نەماوە، هەرچەندە مەترسی هەیە چەکداری داعش دەربکەونەوە، هەروەها ئاڵۆزە بەهۆی ئەوەی مەترسی هەیە بارودۆخەکە تێکبچێتەوە بەتایبەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەگەر چارەسەرێکی سیاسی بۆ دۆخی سووریا نەکرێت”.

جان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کە پێشتر وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بوو، پێشتریش سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە وەکو وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دێتە هەرێمی کوردستان. لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە دەڵێ “زۆر سەرسام بووم بەو پێشوازییەی لەلایەن حکومەتەوە لە پەنابەران کراوە، پەنابەرەکان ژمارەیان زۆرە و لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانیشەوە پێشوازییان لێکراوە، ئەمە نموونەیەکی هاوکارییە کە دەبێت چاوی لێبکەین”.

لە کۆتایی گوتەکانیدا لودریان باسی لە کوردانی ئێزدی و دۆخی شنگال کرد و رایگەیاند “دەمەوێت لەبارەی کەمینە ئێزدییەکانیش قسە بکەم، چونکە ئێوارەی دوێنێ لەگەڵ نوێنەرەکانیان کۆبوومەوە، ئەوان تووشی ناخۆشیی زۆر بوون، خاتوو موراد کاری زۆری کردووە بۆ ئەوەی نەهامەتییەکانیان دەربخات، بەداخەوە هێشتا ناتوانرێت بگەڕێنەوە شنگال و، هیوادارم ئەو پرسە لە ئاستی نێودەوڵەتییەوە گرنگی پێبدرێت، چونکە بەڕاستی ئەوان ئەشکەنجەدراون و دەبێت مافی ئەوەیان هەبێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان”.

Back to top button