نێچیرڤان بارززانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم په‌یامێكی هاوخه‌می ڕاگه‌یاند

نێچیرڤان بارززانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، بەبۆنەی كۆچی دواییی محەمەد مەلا قادر ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌یامێكی سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی كۆچكردوو ده‌كات .

دەقی پەیامەكه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

بۆ بنەماڵەی خەباتكاری ناسراو مامۆستا محەمەد مەلا قادر

كۆچی دواییی خەباتكار و پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە هەردوو كابینەی یەكەم و دووەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەمبار و دڵتەنگی كردم. بەوبۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و خزمان و سەركردایەتی و هەموو ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان و گەلی كوردستان دەكەم.

مامۆستا محەمەد مەلا قادر لە ڕۆژگارێكی زۆر سەختدا و دوو ساڵ دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەستی بە كاری سیاسی كردووە و یەكێك بووە لەوانەی گەنجانی دەشتی هەولێری بەرەو كوردایەتی و چالاكی و كردەوەی ڕۆشنبیرانە و ڕۆشنگەری هاندەدا. بەردەوام بە تێكەڵاوكردنی باوەڕی پتەوی ئایینی و ڕۆحی كوردایەتی، باوەڕی خەڵكی كوردستانی بە شۆڕش و ئامانجەكانی شۆڕشی كوردستان بەهێزتر و فراوانتر دەكرد.

مامۆستا محەمەد مەلا قادر دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ئاوارەیی و پێشمەرگایەتیدا نموونەیەكی خۆڕاگری بوو. دوای ڕاپەڕینی 1991 وەك وەزیر بەشدار بوو لە كابینەی یەكەم و دووەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك یەكەمین و باڵاترین دامەزراوەی مەدەنی و یاساییی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە كوردستان، ئەو شانازییەش شایانی خەباتی مامۆستا محەمەد مەلا قادر بوو.

ناوی مامۆستا محەمەد مەلا قادر لە مێژووی شۆڕشی كوردستان و پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیی كوردستاندا بە زیندوویى دەمێنێتەوە. ڕۆحی مامۆستا شاد بێت و سەبووری و دڵنەواییش بۆ هەمووتان لە خوای گەورە دەخوازم.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

15ی1ی2019

Back to top button