ریزی ئێرانیەكانتان بینی بۆ دەستی سەرۆك بارزانى
یاد سرێشمەیی
دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان لە 7ی حوزیرانی 2017 بڕیاری سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی دا, لەو كاتەوە قۆناغێكی نوێی دژایەتی دژ بە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی بە تایبەت لە نێوان هەرسێ وڵاتی (ئێران – توركیا- عێراق) دەستی پێكرد, پیلان گەلێكی نوێ دژ بە پرۆسەی ریفراندۆم و قەوارەی سیاسی و دەستوری هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد.
لە قۆناغی یەكەم ئێران و عێراق ویستیان لە پەنجەری یەكێتی بێنە نێو پرۆسەكە بۆ پەكخستنی ریفراندۆم, بەڵام دوای ئەوەی یەكێتی ئەو باوەڕەی بۆ دروست بوو, پڕۆسەكە راپێخراوەو ئیرادەی پشت سازدانی ریفراندۆم بە هێزتر دەردەكەوێت لە پیلانە نێو دەوڵەتی و هەرێمایەتیەكان, ناچار بوو بۆ ئەوەی بەجێ نەمێنێت بەردەوام بێت, ئەگەر چی لێرەو لەوێ ساردیەكیان تا ئاستی پاشەكشە بە پەیام و هەڵوێستی چەند رایەدارێكی سیاسیەوە بیندرا, بەیاننامەی بافێل تاڵەبانی لە رۆژی بەر لە ریفراندۆم وەك بەڵگە, بەڵام مەتەڵی پشت بەیاننامەكە لە لایەن شۆڕشگێران زوو هەڵهێنراو ناچار بوو لە پەشیماننامەیەك بێ ئاگایی خۆی لە بڵاو بوونەوەی ئەو بابەتە رابگەیێنێت.
قۆناغی دووەم ئێران و عێراق و توركیا هەوڵیاندا لە رێگای گڕدانی چەند لایەنێك بەرەیەك دژ بە بەڵێی سەربەخۆی كوردستان رابگەیێنن پاڵپشتیەكی گەورەی ماددی لە پشتەوەبێت تا دەگاتە كردنەوەی كەناڵی تەلەفزیۆنی كە شارەزایان چاكتر دەزانن تێچووی كەنالێك چەندە, بەڵام ئەوانیش نەیان توانی لە بەرامبەر ئیرادەی سەربەخۆی خوازی گەلی كورد سەربكەون.
دوای سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان, ئەو وڵاتانە زیاتر لە جاران هەوڵەكانیان چڕكردەوە بۆ لێدان لە قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان, لە سەرەتادا لە رێگای فشاری ئابووری و داخستنی دەروازە سنوریەكان هەوڵەكانیان تاقیكردەوە, بەڵام دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت ئیرادەی گەلی كورد بەهێزترە لەوەی بە ناوی برسی بوونەوە دەست لە خواستە نەتەوەییەكانیان هەلبگرن, لە رێگای سوود بینین لەو درزە نەتەوەییەی لە بیرو بڕوای چەند سەركردەیەكی یەكێتی هەیە هەوڵدرا رێگا لە قۆناغی دووەمی سەربەخۆی كوردستان بگرن.
دوای تێپەڕینی تەنها چەند رۆژێك لە دوای ریفراندۆم ئێران و میلیشا عێراقیەكان لە رێگای گرووپی خیانەتكاری یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەر دوای رێككەوتنێكی نێوانیان كەركووك و %51ـی خاكی كوردستانیان داگیركرد, بە ئامانجی ئەوەی كە كوردستان هەمووی بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپە هێڕشیانكردە سەر هەولێری پایتەخت هەڵبەت بە چاوساغی گرووپی خیانەتكاری یەكێتی, بەڵام پێشمەرگە لە داستانەكانی پردێ و سحێلاو مەحموودیە, هەرسێ وڵاتی عیراق و ئێران و توركیای بەچۆكدا هێنا.
دوای ئەو رووداوە تراژیدیانە, نوسەر و كۆمێنت نوسە كوردەكانی نزیك لە ئێران و یەكێتی لە رێگای نوسینەكانیان بۆ پەردە پۆشكردنی خیانەتی یەكێـتی و داگیركاریەكەی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی, ریفراندۆم بكەنە هۆكار, بۆیە زوو زوو دەیان گوت ئیتر هەرێمی كوردستان لە نێو هاوكێشە جیهانی و ئەقلیمیەكان لاتەریك دەكرێت و پەیوەندی بە جیهانەوە دەپچڕێت, كەچی بینیمان فالەكانی ئەوان لە ماوەی سالێك بەتاڵ بوویەوە هەرێمی كوردستان بەجۆرێك رووناكی سیاسی دەركەوتەوە كە جیاوازتر لە پێش ریفراندۆم و خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر.
ریز بەستنی بەرپرسانی وڵاتانی جیهان بۆ هەولێر و ریزی وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێكی بازرگانی بۆ هەرێمی كوردستان بە تایبەت دیمەنی باوەش پێداكردن و چوونە دەستی سەرۆك بارزانی لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئێران وشاندە بازرگانیەكەی ئێران پەیامێكی بەهێزی پێگەی سەرۆك بارزانی و سەركەوتنی قۆناغی رابردوو بە تایبەت ریفراندۆمی بە ئێمەو جیهان گەیاند, گەلی كورد لە ئێستادا دەبێت بۆیان روون ببێتەوە ئەگەر خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر نەبوایە هەنگاوێكی دیكە لە پێش بووین بە ئاراستەی سەربەخۆی, دووای سەربەخۆی وەزیری دەرەوەی ئێران لە دەوڵەتی كوردستان بوو وەك ئەمڕۆ بە ناچاری دەنوشتایەوە.