جۆر و ھۆکارەکانی سەرئێشە

سەرئێشە یەکێکە لەو کێشە تەندروستییانەی تووشی زۆر کەس دەبێت، زۆر جار چارەسەرکردنی ئاسان نییە و مرۆڤ بێزار دەکات، سەرئێشەش جۆر و ھۆکاری جیاوازی ھەیە.

زۆربەمان تووشی سەرئێشە بووین و زۆر ڕێکاری چارەسەرمان گرتووەتە بەر، بەڵام سەرئێشە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، لەبەر ئەوەی چەندین جۆری جیاواز ھەیە کە ھۆکاری تایبەت بە خۆیان ھەیە بۆ تووشبوونیان، ئەوانیش لێرەدا دەخەینە ڕوو:

1 – بڵاوترین و دیارترین جۆری سەرئێشە ئەوەیە، کە ئازار لە دەوری سەر و ناوچەوان دروست دەبێت، ئەمەش بەھۆی سترێسی زۆر، دانیشتنی ناتەندروست، یاخود ھیلاکی و شەکەتی و خەمۆکیش دەبنە ھۆی گرژبوونی ماسولکەکانی مل و سەر (کۆڵنج)، ئەم جۆرە سەرئێشەیە بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت، تەنیا پێویستە خواردنی شلەمەنیی وریاکەرەوەکان وەکوو چا و قاوە، ھەروەھا شێلانی شان و مل بەشێوەیەکی تەندروست.

2 – لاسەرئێشە، کە بە (شەقیقە) ناسراوە، ئەم جۆرە سەرئێشەیە زیاتر بەوە دەناسرێت، کە ئازار لە یەک لای سەر دەبێت و  تووشبووان بە ئازارێکی زۆرەوە دەناڵێنن، ھەروەھا تووشی دڵتێکەڵھاتن و ڕشانەوە و گێژبوون دەبن، ھەندێک نیشانەی دیکەشی ھەن، وەکوو خەوزڕاندن، خواردن لەبەرچاوکەوتن، ھەستیاریی بەرامبەر ڕووناکی و تەنانەت گۆڕانی کەشوھەوا دەتوانێت ببێتە ھۆی سەرئێشە، چارەسەری شەقیقە لەلایەن پزیشکەوە وەردەگیرێت و تۆزێک ئاڵۆزتر و جیاوازترە لەوانەی دیکە، لەبەرئەوەی ھەندێک کات بۆ چەندین کاتژمێر دەمێنێتەوە، یان چەندین ڕۆژ دەخایەنێت.

3 – سەرئێشەی ھێشوویی، ئەم جۆرە تا ڕادەیەک دەگمەنە و ئازارەکەی زیاتر یەک لای دەموچاو یان پشت چاو دەگرێتەوە، لەوانەیە یەک تا چوار جار لە ڕۆژێکدا ڕوو بدات و نەمێنێت بۆ ماوەیەکی زۆر، یان بۆ چەندین ھەفتە دەخایەنێت، باشترین چارەسەری ئەم سەرئێشەیە پەیڕەوکردنی ژیانێکی تەندروستە و دوورکەوتنەوەیە لە مادە کھوولییەکان و جگەرەکێشان.

Back to top button