میسی چووە ئیتاڵیا.. بزانە هۆكارەكەی چییە؟

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دوای ئەنجامدانی یارییەكەی بەرامبەر یانەی ئیبار، راستەوخۆ بە فڕۆكە گەشتی بۆ وڵاتی ئیتاڵیا كردووە.

پێرێ یەكشەم یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 19ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئیباری بردەوە.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە رێگەی بە میسی دا بەرەو ئیتاڵیا گەشت بكات.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: هۆكاری گەشتكردنەكەی میسی بۆ ئیتاڵیا ئەوە بووە كە سەردانی پڕۆفیسۆرەكەی خواردەمەنییەكان جولیان بۆسێر بكات.

میسی پێشتر چەند جارێك سەردانی ئەم دكتۆرەی كردبوو رێنوێنی سیستەمی خواردەمەنییەكانی كردبوو و هەر ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی ئاستی یاریكردنی لە ماوەی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە.

میسی دوو وەرز بەر لە ئێستا بۆ یەكەمجار چاوی بە بوسێر كەوتبوو و داوای لێ كردبوو چارەسەری كێشەی ماسوولكەكانی بكات و بەهێزیان بكات كە لە ماوەی رابردوودا ببووە بەربەست لەبەردەمیدا.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە میسی ئەمڕۆ سێشەم دەگەڕێتەوە شاری بەرشەلۆنە و لەگەڵ یاریزانانی تیپەكەی دەست بە مەشق و راهێنانەكان دەكاتەوە بە مەبەستی خۆ ئامادەكردن بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر یانەی لیڤانتی كە بڕیارە سبەی چوارشەم لەنێو یاریگەی كامپ نوو بێتە ئەنجامدان، یانەكە لە یاریی رابردوویدا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ دۆڕا بوو.

Back to top button