سەفین دزەیی زانیاریی گرنگی راگەیاند
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، ئەو شاندانە کە سەردانی سەرۆک بارزانی دەکەن، لەبەر ئەوەیە کە وەک مەرجەعی چارەسەرکردنی کێشەکان لێی دەڕوانن، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان یاریکەرێکی بەهێزە لە گەمە سیاسییەکانی ناوچەکەدا.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) ڕای گەیاند، هاتنی شاندی وڵاتان یەک لە دوای یەک بۆ هەولێر، بەڵگەی ئەوەیە کە جێگە و پێگەی هەرێمی کوردستان جێگای بایەخی ئەو وڵاتانەیە، هەرێمی کوردستانیش “یاریکەرێکی بەهێزە لەو گەمە سیاسییەی کە لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێت”. جەختیشی کردەوە کە “هەولێر هەمیشە شوێنێک بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی عیراق و ڕۆڵ و کەسایەتیی سەرۆک بارزانی توانیوێتی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت لەچارەسەرکردنی کێشەکان، یاخود ڕاگرتنی هاوکێشەکان”.
سەفین دزەیی نەیشاردووەتەوە کە وزە بەشێکە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، بەڵام “هەروەک دەزانرێت، عێراق وڵاتێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، سەقامگیریی عێراق بەواتای سەقامگیریی ناوچەکە و نێودەوڵەتی دێت، هەرێمی کوردستان توانیویەتی ڕۆڵێکی بەرچاو لە سەقامگیریی ناوچەکە ببینێت، ئەوەش وایکردووە بایەخ بەڕۆڵی پەیوەندیی دوو لایەنە بدرێت”.
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەت نەیشاردووەتەوە کە سەرجەم شاندەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردۆتەوە، جگە لەوەی پاڵپشتیی خۆیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد ڕاگەیاندووە، لەهەمانکاتیشدا بایەخدان بەپەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان ئەو وڵاتانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان خاڵێكی تری دیدارهكان بووه.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، سەفین دزەیی لەبارەی سەردانیکردنی شاندەکانی وڵاتان بۆ لای سەرۆک بارزانی، ڕای گەیاندووە: “سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکە وەک مەرجەعی چارەسەرکردنی کێشەکان لێی دەڕوانرێت، نەک تەنها لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە عراق-یش، ئەو ئەزموون و خەباتەی زیاتر لە پەنجا ساڵە هەیانە، جێگای تەقدیری هەموو لایەکە، توانیویەتی جێگای خۆی لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە بکاتەوە، چ پۆستی فەرمی هەبێت یاخود نەیبێت”.