ڕاوێژکارێکی کۆسرەت ڕەسوڵ: باسی پۆستی نوێی کوڕەکانی کاک کۆسرەت و مام جەلال دەکات

لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کوڕەکانی کۆسرەت ڕەسوڵ هیچ پۆستێکیان پێ نەدرێت، ڕاوێژکارێکی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی کردەوە کە کوڕەکانی کۆسرەت ڕەسوڵ مافی خۆیانە پۆست وەربگرن.

عومەر حەمە ساڵح، ڕاوێژکاری جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی ڕایگەیاند: لایەنە سیاسییەکان تاوەکوو ئێستا لەسەر پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێک نەکەوتوون، بۆیە هێشتا لەناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی ھیچ کەسێک بۆ پۆستەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە، تەنانەت باسی ئەوەش نەکراوە کە ئایا کوڕەکانی کاک کۆسرەت یان مام جەلال چ پۆستێک وەردەگرن.

ڕوونیشی کردەوە، هەر کاتێک یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتن و پۆستەکان دیاری کران، ئەوکاتەش ئەنجومەنی سەرکردایەتی (سیڤی) بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی کەسەکان وەردەگرێت.

ئەو ڕاوێژکارەی کۆسرەت ڕەسوڵ زیاتر ڕونیکردەوە ھەموو کەسێکی ناو یەکێتی مافی ئەوەی ھەیە پۆست وەربگرێت، بێگومان کوڕەکانی کاک کۆسرەت ئەگەر وەکوو گەنج و خاوەن شەھادە و خەبات و تێکۆشان بێت، مافی ئەوەیان ھەیە لەناو کایەی سیاسیدا پێگەی خۆیان ھەبێت و لەم کابینەیەدا پۆست و وەزارەت وەربگرن “.

Back to top button