به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركوك تیرۆر كرا

شەوی رابردوو لە گەڕەکی موسەڵای شاری کەرکووك، دەستڕێژی گولـلە لە به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كرا و دوای ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

کاوە ئەحمەد فەتحوڵڵا، بەرپرسی ناوچەی سێی پارتی لە کەرکووك، راگەیاند: “شەوی رابردوو عەبدولجەبار رەشید عارف، بەرپرسی رێکخراوی موسەڵای پارتی، لەکاتی گەڕانەوەی لە پرسەی ناسیاوێکیان لە گەڕەکی موسەڵا لە نزیک بارەگایەکی بەرەی توورکمانی ونزیک له‌ بنکەی پۆلیسی ئازادی، دەستڕێژی گوولـلەی لێکرا و بەسەختی برینداربوو”.

به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی سێی پارتی ده‌شڵێت:” دوای ئەوەی كادره‌كه‌مان گەیانده‌ نەخۆشخانە ماوەی کاتژمێرێک لەژێر چاودێری پزیشكی و ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە كە بوونی فیشەکێک لە ناوسەریدا بوو گیانی لەدەستداوە”.

کاوە ئەحمەد فەتحوڵڵا، بەرپرسی ناوچەی سێی پارتی گوتیشی: “كردەوەكە تیرۆریستیە و پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێكردووە”.

فەرهاد مەحمود بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ئازادی گووتی:” دوو چەکدار دەستڕێژی گولەیان لە عەبدولجەبار رەشید عارف کردووە و فیشەکەکەش بەر سەری ناوبراو کەوتووە و لە نەخۆشخانەی ئازادی گیانی لەدەستداوە”.

لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی شەهیدکردنی کادیرەکەی لەنێو شاری کەرکووک بڵاو کردەوە.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی لقی سێی پارتی دا ئاماژە بەوە دراوە کە عەبدولجەبار ڕەشید عارف کاکەیی، بەرپرسی ڕێکخراوی موسەڵای پارتی لە سنووری لێژنەی ناوچەیەکی لقەکەیان کە کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە، شەوی ڕابردوو لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی موسەڵا، لەلایەن تیرۆریستانەوە بە سەختی بریندار کراوە و بەو هۆیەشەوە شەهید بووە.

بەو بۆنە خەمناکەوە پارتی سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکار و کادیرانی پارتی لە کەرکووک کردووە.

به‌هۆی خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆکتۆبەره‌وه‌ كه‌ تاقمێک لەناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان خەنجەری ژاهراویان لە پشتی کورددا، سەرەنجام کەرکوک و خانه‌قین و خورماتووله‌لایه‌ن هێزه‌ ئیرانیه‌كان و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ داگیرکرا .

Back to top button