راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم پێشوازی له‌ جه‌نه‌ڕاڵ پاتریك رۆبه‌رسۆن و شاندی یاوه‌ری ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشەممە ۱٦ـی ۱ـی ۲۰۱۹ مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (جه‌نه‌ڕاڵ پاتریك رۆبه‌رسۆن) فه‌رمانده‌ی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سوریا و شاندی یاوەری كرد.

له‌م دیدارەدا دوا پێشهات و ئەگەرەکانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و قۆناغه‌كانی شه‌ڕی تیرۆریستان تاووتوێكرا، هەرەوەها بیروڕا له‌باره‌ی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌‌كانی تایبه‌ت به‌ رەوشی رۆژهەڵاتی فوڕات لە سووریا ئالوگۆڕ كرا.

له‌و باره‌یه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا بکرێت، بۆ ئەوەی مافی گەلەکەیان لە گۆڕانکارییەکاندا جێگیر بکەن.

هەر لەو دیداره‌ باس لە جموجۆڵ و پەرەسەندنەکانی داعش لە هەندێ ناوچەی عێراق و رۆڵ و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان کرا بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوە و گەشەکردنی زیاتری گرووپە تیرۆریستیەکان و سەقامگیرکردنەوەی عێراق بە گشتی و ناوچە رزگاربووەکان بە تایبەتی.

Back to top button