بۆچی په‌یه‌ده‌ ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی ره‌قه‌ ناوده‌نێت توڕه‌یی فورات

خواكوڕك

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌، ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی شاری ره‌قه‌یان راگه‌یاند، فه‌رمانده‌یه‌كی یه‌په‌گه‌ش واتا و هۆكاری ناونانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ باس ده‌كات.

ته‌ڵاڵ سه‌لۆ وته‌بێژی سه‌ربازی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌ رۆژنامه‌ی (فه‌ره‌نسا توده‌ی)ی راگه‌یاندووه‌، رێكه‌وتنێكمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌باره‌ی راگرتنی رۆڵی توركیا له‌ گرتنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی داعش.

له‌لایه‌كیتر روانگه‌ی سوری له‌سه‌ر زاری فه‌رمانده‌یه‌كی یه‌په‌گه‌ رایگه‌یاندووه‌، پێشنیاركردنی ناوی (توڕه‌یی فورات) بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ وه‌ڵامێكه‌ بۆ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی توركیا ده‌ستی پێكردووه‌ به‌ناوی (قه‌ڵغانی فورات).

رۆژنامه‌كانی فه‌ره‌نسا له‌باره‌ی بۆچوونی وڵاته‌كه‌یان له‌و باره‌وه‌ بڵاویانكردۆته‌وه‌، فه‌ره‌نسا ده‌یه‌وێت به‌بێ هیچ كێشه‌یه‌كی ناوچه‌یی، به‌تایبه‌ت له‌ نێوان ئایدۆلۆژیای توركی و ئێرانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ئامانجه‌كانی بپێكێت. به‌تایبه‌ت كاتێك ده‌بینرێت شاری ره‌قه‌ بۆته‌ هۆكارێك بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ئێرانی له‌باره‌ی هیلالی شیعی له‌لایه‌ك، و له‌لایه‌كیتر توركیا ده‌یه‌وێت هه‌ژموونی خۆی له‌رێگه‌ی توركمانه‌كان و عه‌ره‌به‌ سونه‌كان به‌ گرتنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ زیاتر بكات.

شیكاره‌وه‌ سیاسیه‌كان هه‌ریه‌كه‌ له‌ موسڵ و ره‌قه‌ به‌ده‌سته‌خوشكی یه‌كتری ده‌زانن، داعش به‌له‌ده‌ستدانی هه‌ریه‌ك له‌و شارانه‌ ته‌واوی پێگه‌ی خۆی له‌ وڵاته‌كانیان له‌ده‌ست ده‌دات، بۆیه‌ به‌ گرتنه‌وه‌ی ئه‌و شارانه‌ سیناریۆی داعشیش له‌و وڵاتانه‌ كۆتایی دێت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیش یه‌كلاده‌بنه‌وه‌.

له‌باره‌ی ده‌سكه‌وتنی په‌یه‌ده‌ش له‌سوریا پێیانوایه‌، ره‌قه‌ دوا ده‌رفه‌تی كورده‌ له‌ رۆژئاوا تاوه‌كو بتوانن خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ژموونی ئایدۆلۆژیه‌كان رزگاربكه‌ن و بتوانن كانتۆنه‌كانی عه‌فرین و كۆبانی به‌یه‌كتریه‌وه‌ ببه‌ستنه‌وه‌.

به‌شێك له‌چاودێرانی سیاسییش پێیانوایه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی په‌یه‌ده‌ بۆ كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ هیچ ده‌سكه‌وتێكی تێدانیه‌، به‌تایبه‌ت ده‌سكه‌وتی كورد له‌باره‌ی به‌یه‌ك گه‌یاندنه‌وه‌ی كانتۆنه‌كان، به‌ڵكو ته‌نیا راسپارده‌یه‌كی سوری – ئێرانی له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی شیعی جێ به‌جێ ده‌كه‌ن.

Back to top button