سه‌رۆک بارزانی به‌شداری له‌ پرسه‌ی مامۆستا محه‌مه‌د مه‌لا قادر ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ۱٦ی كانوونی دووه‌می ۲۰۱۹، سه‌رۆک بارزانی له‌ شاری هه‌ولێر به‌شداری له‌ مه‌راسیمی پرسه‌ی تێكۆشەر و خەباتگێڕی گه‌لی کوردستان خوالێخۆشبوو مامۆستا محه‌مه‌د مه‌لا قادر کرد.

سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ۱۵ی۱ی۲۰۱۹ محه‌مه‌د مه‌لا قادر، پێشمه‌رگه‌ی دێرین و ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد.

کورتەیەک لە ژیان و خەباتی سیاسی محەمەد مەلا قادر:

ساڵی ۱۹۳٤ لە شاری هەولێر لەدایکبووە.
ساڵی ۱۹۵۸ پەیوەندی کردووە بە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ساڵی ۱۹٦۲ بە ئەندامی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایان هەڵبژێردراوە.
ساڵی ۱۹٦٤ بە ئەندامی دەستەی ئامادەکاریی کۆنگرەی شەشی پارتی دەستنیشان کراوە.
ساڵی ۱۹۶۷ بووەتە بەڕێوەبەری پەروەردە لە شۆڕشی ئەیلوول.
ساڵی ۱۹۷۰ وەک ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی هەڵبژێردراوە.
ساڵی ۱۹۷۳ بووەتە بەرپرسی لقی دووی پارتی.
ساڵی ۱۹۷۹ بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.
ساڵی ۱۹۸٤ جارێکی تر بووەتە بەرپرسی لقی دووی پارتی.
لە هەردوو کۆنگرەی پارتی لە ساڵانی ۱۹۸۹ و ۱۹۹۳، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوەتەوە.
لە ۲۵ی نیسانی ساڵی ۱۹۹۳ بووەتە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە کابینەی دووەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ساڵی ۱۹۹٤ مەدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوە.
ساڵی ۱۹۹۹ بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە.
ساڵی ۲۰۰٤ بووتە بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ساڵی ۲۰۰۵ بووەتە بەرپرسی دەستەی ناوەندی پشکنین و چاودێری پارتی.

محەمەد مەلا قادر خاوه‌نی حەوت کتێبی چاپکراوه‌ کە ئەمانەی خوارەوەن:

دیوانی لاجان
پەندنامەی ئاوارە
کۆمەڵایەتی لە کوردستان
خەباتنامە
سەربووردە
ساڵێک لە شێخ وەسانان
سەربووردەی نەمران

Back to top button