هاتنی زه‌ریف و قه‌رارگای ره‌مه‌زان

 

هۆشه‌نگ دارا

هاتنی محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، بۆ هه‌رێم زۆر ئاماژه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌رخست، هه‌رچه‌نده‌ زه‌ریف هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی هه‌ندێكیانی دا.

ئێرانی ئه‌مڕۆ، ئێرانی ژێر سزاكانی ئه‌مریكا، وه‌ك پێشتریش له‌ بابه‌تێكدا باسم كردبوو، ئێرانێكه‌ كه‌ كورد ده‌توانێت سوودی وه‌های لێ ببینێت كه‌ وه‌ك بڵێیت ده‌شێت ناو بنرێت به‌ سزاكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران و پاداشته‌كانی بۆ هه‌رێمی كوردستان. هه‌ڵبه‌ت، سزای به‌ ئه‌نقه‌ست و پاداشتی نه‌خوازراو.

له‌ ١٩٩١ه‌وه‌ ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ سیاسه‌تێكی نه‌رمه‌بڕی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێم په‌یڕه‌و كردووه‌، به‌ڵام هیچ كات هێنده‌ی ئێستا ددانی به‌ غرووری خۆیدا نه‌ناوه‌. سیاسه‌تی ئێران بۆ خۆی سه‌ركه‌وتوو بووه‌، زۆرێك له‌ كوردانی ئێران و عێراقی خستووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی خۆی؛ سیاسه‌تێك بووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ، ئه‌ردۆغان به‌و هه‌موو زیره‌كی و به‌و هه‌موو جیاوازییه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌تی‌ كۆپی ده‌كات و شوێنی ده‌كه‌وێت: ئه‌وه‌تا ئه‌ردوغان ده‌ڵێت توركیا وڵاتی كوردانی كوبانێشه‌ – ئه‌مه‌ هه‌ر هه‌مان قسه‌ی ڕۆحانییه‌ كه‌ گوتی سنه‌ و سلێمانی‌ بۆ ئێران جیاوازییان نییه‌ و ئه‌وان هه‌ردووكیان ده‌پارێزین.

به‌ڵام؛ به‌ڵام ئێرانی ئه‌مڕۆ، له‌ لایه‌ك له‌به‌ر لاریی باری ئێران و له‌لایكیش له‌به‌ر سه‌نگینیی سه‌نگی هه‌رێم، كه‌ راستییه‌كه‌ی سه‌نگی بارزانییه‌، له‌ ئێرانی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وه‌ پێش جیاوازه‌. ئه‌مڕۆكه‌ ئێران وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌ستووریی و یاسایی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا ده‌كات و به‌رپرسێكی فه‌رمیی حكومه‌ته‌كه‌ی ره‌وانه‌ ده‌كات؛ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ پێشتر له‌ بری كۆنسوڵخانه‌، قه‌رارگا و له‌ بری وه‌زیر، كارمه‌ندی ئیتڵاعاتی ده‌نارده‌ هه‌رێم.
زه‌ریف له‌ ئێران لای ده‌سته‌ڵات به‌ ڕێویی زیره‌ك و لای ئۆپۆزیسیۆنیش به‌ ڕێویی پیس ناوی ده‌ركردووه‌؛ له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا ئه‌و ڕێوییه‌! زه‌ریف له‌ په‌رله‌مانی ئێران وه‌ك پاكانه‌یه‌ك بۆ به‌شدارییكردنی له‌ ڕێوڕه‌سمی به‌ڕێكردنی ته‌رمی مام جه‌لالدا گوتی ئه‌و ته‌نیا كه‌سێك بووه‌ كه‌ ڕێزی له‌ ئاڵای كوردستان نه‌گرتووه‌؛ له‌م سه‌ردانه‌ی ئه‌مجاره‌شیدا هه‌وڵیدا وه‌ك خه‌ت ڕه‌جعییه‌ك هه‌ندێك ئه‌دای دوور له‌ ئه‌ته‌كێتی هه‌بێت تا دواڕۆژ وه‌ك‌ به‌ڵگه‌ بیانهێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێویست بوو؛ هه‌ڵبه‌ت له‌ هه‌ولێر ئه‌مه‌ی پێ نه‌كرا، به‌ڵام له‌ سلێمانی، له‌و شاری كه‌ دۆستێكی باشی كۆماری ئیسلامی سه‌رده‌مێك تیایدا باڵاده‌ست بووه‌، هه‌وڵی ئه‌مه‌ی دا. شاره‌زاریانی ئه‌ته‌كێتی دیپلۆماسی ئه‌گه‌ر سه‌رنجیان دابێت، دركیان به‌مه‌ كردووه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به‌ ئاماده‌بوونی له‌ هه‌ولێر و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رانی هه‌رێم، ددانی به‌وه‌دا نا كه‌ چیدی ئێران وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی یاسایی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا ده‌كات و له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ ئه‌نجامده‌رانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، ناتوانن نه‌ له‌ خزمه‌ت ئێراندا بن و نه زیانیشی پێ بگه‌یه‌نن. ئه‌مڕۆ ئێران باش له‌وه‌ تێده‌گات كه‌ هه‌موو ڕێگاكانی سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌ ده‌چنه‌وه‌ لای حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كان، نه‌ك لای گرووپ و كه‌سه‌كان. ئێران تێگه‌یشتووه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كێشه‌یه‌ك بنێته‌وه‌، ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ بتوانێت پشت به‌ كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا ببه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكات ئه‌وا حه‌تمه‌ن پێویسته‌ بچێته‌ خزمه‌ت بارزانی.

ئێران ئه‌مڕۆ له‌ بری قه‌رارگا، كۆنسوڵخانه‌ی هه‌یه‌ و له‌ بری ئاغای مه‌ته‌ریش جه‌نابی زه‌ریف ده‌نێرێته‌ هه‌رێم.

 

Back to top button