خەمی باوكایەتی!

ئەردەڵان ھەڵەبجەیی

لە ساتی داگیركاری و شۆڕشی ھەر نەتەوەیەك دژی دەسەڵاتی بیانی،ھەمیشە چەندین ئاڕاستە ھەبوون و لە نێو ئاڕاستەكانیش دوو بەرەی خۆبەختكار و بەرەی خیانەت لە مێژوی نەتەوەكاندا زیاتر تیشكیان خراوەتە سەر و بونەتە بابەتی جدی و دێكۆمێنت كراو،گەر بە وردی سەیری مێژوی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بكەین بە گشتی ناوەكانی عومەر مختارو كەواكبی و چەندانی تر بە ھۆی سەردانەواندن و بەردەوامیان لە خەبات دێنە بەرباس و لە ھەمبەردا بەرەی خیانەت و خیانەتكاران گەرچی لە كاتی خۆی ناو ناوبانگیان گەورە بوو بەڵام دواتر وەك كەفی دەریا سوك و بێ ئەرزش و ون بوون،گەرچی ئەوكات موختاری لیبی دەیتوانی ھەمو خۆفرۆشەكان بكوژێت و نەیكوشتن چونكە لە وەڵامی ھۆكاری چاوداخستن لە خۆفرۆشان موختار دەڵێت من جگە لە سەركردەی شۆڕشێك وەك باوكێك ناتوانم ڕۆڵەكانی لیبیا بكوژم و ڕیزەكان ھێندەی تر شەق بكەم!

لە مێژوی ئێمەشدا بارزانی لە شەستەكان ھەمان ئیحساسی باوكایەتی ڕێگری لێ كرد ئەوانەی بوونە جاش سزا بدات و وەك كاراكتەرێكی بەرپرسیار دەیزانی ئەوە ڕیزەكان شەقتر دەكات و دور نەبوو گەر ئەو كارەی كردبا خیانەتكاران ببانایە ڕەمز،بەڵام بارزانی بە ھێشتنەوەی ئەوان بە زیندویی كوشتنی،ئەوەتا ھەموان دەزانین بارزانی كێیەو كەسیش خەوەری لەوانی تر نیە!

 

بە داخەوە لە مێژوی نۆێشدا ڕوداوەكانی ئۆكتۆبەری ڕەش و فرۆشتنی كەركوك برێنێكی ھێند قوڵی دروست كرد كە ئەستەمە لەبیركردنی،گەر بۆ ئێمە ئەو شۆكە گەورە بوبێت ئەوا بۆ بارزانی كوڕ دەبێت چەند قورسترو كاریگەرتر بوبێت؟

ئاخر بارزانی تەواوی دنیای توشی شۆك كردوو لە بری ڕەزامەندی دەرەوە گوێی لە ھاتوچۆی گەرمی خوێنی دڵی تینوی ھاونیشتمانیانی كورد گرت كە چۆن سەرمەست و سەوداسەری سەربەخۆین،لێ جارێكی تر كۆمەڵێك ھەرزەی چڵكاوخۆر خۆیان خستە مەزادەوەو دواتریش بێ بەرمبەر لە لایەن كڕیارەكانیانەوە ڕەنگ كران و كەوتنەوە سەر شەقامی بێ كڕیار!

لەسەرو بەندی دانیشتنی شاندی پارتی و یەكێتی ئەوە بینرا جارێكی تر ئەو دەستە لەگەڵ كۆمەڵێك شۆڕشگێڕی ناو یەكێتی خراونەتە ناو كۆبونەوەكان و پارتیش بەوە ڕازی بووە،ڕونیشە پێش پارتیەكان كوردە ساخلەمەكان بەوە نیگەران بوون،نیگەرانی و ڕەخنەكان بۆ دانیشتنی پارتی لەگەڵ ئەو دەستە لە بری دڵتەنگی پارتی دەبێت پارتیەكان ئاسودە بكات چونكە ئەوە سەلمێنەری كامڵی و ساخلەمی پارتەكەی بارزانیە كە خەڵك پێی وایە نابێت باش و جاش پێكەوە دانیشن،لێ دەبێت ھەموانیش لەوە تێبگەن بارزانی كوڕ بە ھەمان شێوەی بارزانی باوك خۆی بە لێپرسراو و باوك دەزانێت و ناكرێت خۆی لەو ھەستە دابڕنێت و كەلێنەكان ھێند گەورەبن كورد دەیان دەردی گەورەتری بێتە ڕێ،ئەوانەی بێ بەرامبەر خۆیان خستە مەزادەوە لە ئێستادا مردون و لە ئایندەش ناویان ون دەبێت،بەڵام سەروەری و مانەوە بۆ بارزانیە كە خەمی باوكایەتی لەسەر شانەو ئەوەیشی باوك بێت تێدەگات ئەو خەمە چەند تاڵ و قورس و گرانە

Back to top button