لە دوا دیدارم لەگەڵ بارزانی

دەیڤید رۆمانۆ

رۆژی دووشەممەی رابردوو دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا لەگەڵ مەسعوود بارزانی باسی گشتپرسییە کوردستانییەکەی 25ی ئەیلوولی 2017 بکەین. بەڕێز بارزانی لە ساڵی 2005 تاوەکو 2017 سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، یەکێک لە هێزە پێشەنگەکانی گشتپرسیی سەربەخۆیی بوو. ئێستاش سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

هەندێک لە روانگەکانی سەرۆک بارزانی لەبارەی گشتپرسییەوە لای زۆر کەس زانراون. سەرۆک بارزانی گوتی بڕیاری گشتپرسی لەو راستییەوە سەرچاوەی گرت کە “ئەمە مافێکی نەتەوەیی یەک نەتەوەیە. ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ چارەسەرەکانی دیکەش هەیە: ئۆتۆنۆمی، فیدرالیزم و هتد. بەڵام یەکەم بنەمای دامەزراوەی سیاسیی عێراق پێشێل کرا- چونکە هیچ هاوبەشییەک لەئارادا نەبوو. زۆر جار بۆ کۆبوونەوە چوومە بەغدا و هەوڵم بۆ بەدیهێنانی هاوبەشی دا، بەڵام هەرکات بەغدا هەستی کردبێ بەهێزترە، دەستیان بە پێشێلکردنی مافەکانی کورد کردووە. بۆیەش ئەگەر نەتوانین هاوبەشێکی باش بین، رەنگە بتوانین دراوسێیەکی باش بین (بۆ یەکدی)”.

سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی “… زۆر کەس دەیانگوت کورد بۆ داوای مافی چارەی خۆنووسین یەکدەنگ نین. بەڵام ئەمە بڕیاری هەموو حزب و لایەنەکان بوو کە رێگە بدەین هەموو کەسێک بڕیار لەسەر داهاتووی کوردستان بدەن. ئەوە بڕیاری تاکلایەنەی یەک سەرکردە نەبوو. کاتێک بڕیاری گشتپرسیمان دا، لە دوو مانگی یەکەمدا هیچکەسێک بە جیدی وەرینەگرت، چونکە پێیانوابوو ئێمە یەکدەنگ نین. ئێمە بەردەوام ئەوەشمان دووبارە کردەوە کە گشتپرسی بەو مانایە نییە رۆژی دوای گشتپرسی دەوڵەتی سەربەخۆ رادەگەیەنین، بەڵکو دەکرێ چوار، شەش، هەشت یان دە ساڵ دواتر بێ، کێشە نییە (دوای چ ماوەیەک دەبێ). دامەزراندنی دەوڵەت دوای ئەوە دێ کە ئێمە بە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا لەسەر رێوشوێنەکان رێکبکەوین”.

زۆر بە روونی هەستم بە بێزاری لە تۆنی دەنگی بەڕێز بارزانیدا دەکرد، کاتێک لە درێژەی قسەکانیدا باسی هەڵوێست ـ یانیش بێهەڵوێستیی ـ ئەمریکییەکانی کرد، کە رووداوەکانی دوای گشتپرسی لێکەوتەوە. دیپلۆماتە ئەمریکییەکان ئەو کاتەی هێشتا دژی گشتپرسی بوون دەیانتوانی هەڵوێستی خۆیان لەوەدا کورت بکەنەوە کە “کاتی گشتپرسییەکە خراپ بوو”، بەڵام جێی قەبووڵ نەبوو بڵێن “ئەنجامدانی گشپرسی مەشرووع نییە”. سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە “ئێمە مەشرووعییەت لە گەلی خۆمان وەردەگرین”. ئەمریکا دەشیتوانی رایبگەیەنێ کە هەنگاوی سەربازی لەلایەن بەغداوە بێ یان کورد جێی قەبووڵ نییە، بەڵام لە بری ئەو هەنگاوە لۆژیکییانە هیچیان نەگوت. لە ئاکامیشدا “بەهۆی هەڵوێستی لاواز، لەرزۆک و ناڕوونی ئەمریکاوە، خەڵکانی دی ئاماژەی خۆیان وەرگرت بۆ ئەوەی لە دژی ئێمە هەنگاو بنێن”.

ئەوەی کە زۆر کەس نایزانن، ئەوەیە سەرۆک بارزانی نزیک بوو لەوەی داواکەی رێکس تیلەرسن (وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا) بۆ دواخستنی گشتپرسییەکە قەبووڵ بکات ـ ئەمەش تەنیا دوو رۆژ پێش ئەوەی دەنگدانەکە بەڕێوەبچێ. وەکو پێشتریش لەسەر پرسەکان بەڵێنیان دابوو، تیلەرسن لە نامەکەیدا باسی لە پڕۆسەیەکی نێوەندگیری بە پشتیوانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی كێشە بەرچاوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کردبوو، لە کاتێکدا پڕۆسەکەش لە ساڵێک زیاتری نەدەخایاند. نامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات “ئەگەر لە کۆتایی ئەم پڕۆسەیەدا گفتوگۆکان بە هیچ ئەنجامێکی جێی قەبووڵی هەردوو لا نەگەیشتن، یانیش پڕۆسەکە بە هۆی نەبوونی متمانە بە بەغدا شکستی هێنا، ئەوە ئێمە دان بە پێویستیی گشتپرسییەکدا دەنێین”. سەرۆک بارزانی نامەکەی تیلەرسن بە “ئینشایەکی جوان” ناودەبات و دەڵێت: “داوام لێکرد تەنیا یەک وشە لە نامەکەدا بگۆڕێ ـ داوام کرد لەبری وشەی “دانپێدانان” وشەی “پشتگیری” بنووسێ. کاتێک ئەمریکییەکان بە” نەخێر وەڵامیان داوە، زانیمان بە هەر رێگایەکدا بڕۆین شتەکان باجی قورسیان دەبێ بۆمان”.

ئەوانەی ئاشناییان لەگەڵ رووداوەکانی دوای گشتپرسیدا هەیە، دەزانن کە دوو هەفتە دوای گشتپرسییەکە، بەغدا گڵۆپە سەوزە دیفاکتۆیەکەی ئەمریکای قۆستەوە و سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەرەو پێگەکانی نزیک لە پێشمەرگە لە کەرکووک جووڵەیان کرد.

هەندێک لە سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیش لەژێر گوشار و هەڕەشەی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانیدا ملیان دا و فەرمانیان بە پێشمەرگەکانی خۆیان دا پێگەکانی خۆیان لە نزیک کەرکووک جێبهێڵن، دواتر پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەبووایە هەمان شت بکەن، ئەگینا گەمارۆ دەدران.

بەڕێز بارزانی سەبارەت بەو کارەساتە گوتی: “پاش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک، لە رۆژی 18ی ئۆکتۆبەر باڵیۆزی ئەمریکا تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی: “ئەمڕۆ دوێنێ نییە و پێویستە سیاسەتەکان (لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆدا) بگونجێنن”. پاشان سوپای عێراق و حەشدی شەعبی (لەدوای کەرکووکیش) بەردەوام بوون لە پێشڕەوی بۆ لای ئێمە، لە پردێ و کۆمەڵێک شوێنی دی ئێمە ئەوانمان تێکشکاند، تانکەکانی ئێم وان ئابرامزی ئەوانمان تێکشکاند. ئەو تانکانەی گوایە لە دژی داعش بەکاربهێنرێن، بۆ لێدانی ئێمە نێردرابوون. دوای پردێ و دوای تێکشکاندنی تانکەکانیان و راگرتنی پێشڕەوییەکانیان، لە رۆژی 20ی ئۆکتۆبەر تەلەفۆنمان بۆ باڵیۆزی ئەمریکا کردەوە و پێمانگوت: “دوێنێ وەکو ئەمڕۆ و سبەینێ نییە”. شەڕ بژارەی ئێمە نەبوو، بەغدا و حەشدیش لەو رۆژانەدا بۆیان دەرکەوتبوو کە شەڕ بژارەیەک نییە بۆ ئەوانیش”.

رەنگە هەموو لایەنە بەشدارەکان وانەیەکیان لەمە وەرگرتبێ. دوای گفتوگۆم لەگەڵ چەندین سەرکردە و دانەری ستراتیژ لە چەند رۆژی رابردوودا، هەست دەکەم پارتی دیموکراتی کوردستان وردتر لە هەمیشە ئاگای لەوەیە کە کوردستانی عێراق پێویستی بە یەکڕیزی و حکومڕانییەکی باشترە. ئەمە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش لەخۆدەگرێ. لە هەمانکاتدا، پێدەچێ هەردوو حزبەکەی کوردستان و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق ئیرادەیەکی نوێیان بەدیکردبێ بۆ ئەوەی هاوکاریی یەکدی بکەن، نەک ئەوەی لێگەڕێن دۆخەکە جارێکی دیکە ئاڵۆز ببێتەوە.

جیا لەمە، پێدەچێ دیپلۆمات و بڕیاردەرە ئەمریکییەکان بەنیاز بن خۆیان لە هەڵەکانی رابردوو بەدوور بگرن، هەرچەند تاوەکو ئێستاش بەدەست بڕیارە لەناکاوەکەی سەرۆک ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێز لە سووریا گێژبوون. لەوانەیە هەر ئەمەش وای لە بەڕێز ترەمپ کردبێ هەفتەی رابردوو لە بڕیارەکەی خۆی تاوەکو رادەیەک پاشگەز بووبێتەوە، لە کاتێکدا جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشی سپی، تێکشکانی تەواوەتی داعش و گەرەنتی تورکیا بۆ هێرشنەکردنە سەر شەڕڤانە کوردە هاوپەیمانەکانی ئەمریکای وەکو مەرجی کشانەوەی ئەمریکا بەبیرهێنایەوە.

گومانی تێدا نییە تورکیا ئەو گەرەنتییە نادات، بەڵام هەر ئەوەی کە ئەمریکا بە ئاشکرا دژایەتی خۆی لەگەڵ بە ئامانجکردنی هاوپەیمانە کوردەکانی راگەیاندووە، نیشانەی گۆڕانکارییەکی دڵخۆشکەرە.

* دەیڤید رۆمانۆ ، لە زانکۆی ویلایەتی میزووری پرۆفیسۆری سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و چەندین بەرهەمی بڵاوکراوەی لەسەر کورد و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە.

Back to top button