ئەیاد عەلاوی لە بارەی تیرۆركردنی كادرەكەی پارتی بەیاننامەیەك بڵاو دەكاتەوە داوای دەست بەجێ چارەسەركردنی دۆخی كەركووك دەكات
دوای ئەوەی دوێنێ كادرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك تیرۆركرا, رووداوی تیرۆركردنی كادرەكەی پارتی كاردانەوەی گەروەی لێدەكەوێتەوە, هەر لە بارەی رووداوەكە ئەیاد عەللاوی سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانی و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی تیرۆركردنی كادیرێكی پارتی لە كەركووك بڵاو كردەوە و ئەوەی وەبیرهێناوە كە ماوەیەكی زۆرە داوای چارەسەركردنی كێشەكانی كەركووك دەكات.
عەللاوی لە راگەیەندراوەكەیدا تیرۆركردنی جەبار عارف رەشید بەرپرسی رێكخراوی (موسەڵا)ی پارتی لە كەركووك پرۆتیستۆ كردووە و رایگەیاند پێویستە چارەسەری پێویست بۆ دۆخی شارەكە بدۆزرێتەوە.
سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی ئاماژەی بەوەش داوە كە ماوەیەكی زۆری هۆشداریان داوە لە خراپتربوونی دۆخی كەركووك و ناوچەكانی تری جێی ناكۆكی، دووپاتیشی كردەوە كە پێویستە گفتوگۆیەكی نیشتمانی بەپەلە بۆ چارەسەری دۆخی كەركووك ئەنجام بدرێت، نەوەك مافیاكان و تیرۆریستان ئەم دۆخە بقۆزنەوە و شارەكە بگەڕێنەوە چوارگۆشەی یەكەم.
دوێنێ سێشەممە لە گەڕەكی رووناكی لە شاری كەركووك، دوو كەس بە سواری ماتۆڕسكیلێكەوە تەقەیان لە جەبار عارف رەشید بەرپرسی رێكخراوی موسەڵای پارتی لە كەركووك كرد، لە ئەنجامدا جەبار عارف شەهید كرا و بكوژەكانیش هەڵاتن.