یەكێتی داوا لە پارتی دەكات فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان هاوپەیمان بن

 

دوای ئەوەی سێ جار پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی كوردستان كۆبوونەوە, ئەگەر چی تا ئێستا بە فەرمی رێك نەكەوتوون, بەڵام یەكێتی پێشنیازی بۆ پارتی كردووە، فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان ھاوپەیمان بن، پەرلەمانتارانی ئەو دوو لایەنەش لە پەرلەمانی كوردستان بە باشی دەزانن، ئەو لایەنانەی لە حكومەت بەشدارن، ئەگەر فراكسیۆنەكانیشیان ھاوپەیمان نەبن، پێویستە ھەماھەنگی و لێكتێگەیشتن لە نێوانیاندا ھەبێت.

كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: “بۆ ئەوەی ئەزموونی كابینەی ھەشتەم و خولی چوارەمی پەرلەمان دووبارە نەبێتەوە، وا باشترە ئەو لایەنانەی لە حكومەت ھاوپەیمانن, فراكسیۆنەكانیشیان لە پەرلەمان ھاوپەیمان بن”.

هەرچەندە ئەو پێشنیازەی یەكێتی بۆ پارتی، هێشتا لەناو فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە فەرمی باس نەكراوە، بەڵام وەك بژار خالید، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: “ھەموو ھەوڵی حیزبەكەی بۆ ئەوەیە، پەرلەمان بكاتە دامەزراوەیەكی یاسایی و دەستی حیزب و ئەم و ئەو لە پەرلەمان دوور بخاتەوە و لە ململانێی حیزبی بیپارێزێت”.

لەكاتێكدا پارتی خاوەنی ٤٥ كورسیە لە پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیش ٢١ كورسی ھەیە، بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئەو دوو فراكسیۆنە دەڵێن، رەنگە پێكھێنانی ھاوپەیمانی فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، كارێكی ئاسان نەبێت، بەڵام دەتوانرێت، لە پێشكەشكردنی پرۆژە یاساكان راوێژ بە یەكتری بكەن و لە كاری پەرلەمانی ھاوكاری یەك بن.

Back to top button