کەش و ھەوای ئەمڕۆ و سبەی شارەکانی کوردستان

ئەمڕۆ پێنج شەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوھەوای 48 کاتژمێری داھاتووی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەمڕۆ لە ھەولێر و کەرکووک کەشوھەوا سارد و بارانبارین دەبێت، ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لە سەنتەری پارێزگا ھەیە، لە ناوچە شاخاوییەکانیشدا بەفر دەبارێت، لە سەنتەری پارێزگا و ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی و دھۆکیش کەشوھەوا سارد و بەفربارین دەبێت.

کەشناسی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سبەی ھەینی  لە سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لەکاتەکانی بەیانیدا تەم و شەختە دروست دەبێت، کەمێک ھەوریش لە ئاسماندا دەبێت.

لەبارەی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانبارینەی ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە، کەشناسی ڕوونی کردووەتەوە کە سبەی لەکاتەکانی بەیانیی زوودا، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەفر و بارانبارینە کۆتایی دێت، تەنیا لەسەر ناوچە شاخاویە سنوورییەکان تا کاتێکی درەنگتر دەمێنێتەوە.

Back to top button