بڕیارەكانی فوئاد حوسێن وایكردووە بەشێك لە پەرلەمانتاران خۆیان پێ هەڵبكێشن
لە دواین كۆبوونەوەی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووریی كە كۆمەڵێك بڕِیاری تێدا درا لەبارەی هەرێمی كوردستان و شاندێكی حكوومەتیش تێیدا ئامادەبوو، دوای بڕیارەكانی فوئاد حوسێن بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پشكی كورد بە دەستكەوتی خۆیانی دەزانن.
ئەمڕۆ پێنج شەممه، ڕزگار حەمەتاهیر چاودێری سیاسی و كاندیدی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕاگەیاند، بەشێك لە پەرلەمانتاران جگە لە خۆهەڵكێشان بە بڕیارەكانی حكوومەت هیچیان لە هەگبەدا نییە.
ئەو چاودێرە سیاسییه ئاشكرای دهكات، باشترین نموونەیش وەرگرتنەوەی مافی جووتیاران لەلایەن جووتیارێك و دوو پارێزەری شاری هەولێر بوو، كەچی ئەندامانی ئەنجوومەن بەشێكیان میواندارییان كردووە و وێنەیان لەگەڵ گرتووە و دواتر وەك چالاكی و خۆهەڵكێشان بڵاویان كردەوە.
زیاتر ڕونیكردهوه، دوێنێ كاتێك فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووریی كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد بۆ هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەكان و باشتركردنی بارودۆخی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەن هاتوون وەك چالاكییەكی خۆیان بڵاویان كردووەتەوە، تەنانەت ئەندامی ئەنجوومەن هەیە نووسیویەتی عەبدولمەهدی خۆی پێوەندی پێوە كردووم ئەوەیش چەواشەكارییەكی ترە، ئاماژەی دا، ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەن كە ڕاست دەكەن و هێندە پێوەندییان لەگەڵ سەرۆك وەزیران خۆشە، با جارێك پێش بڕیارەكانی حكوومەت یان وەزارەتێك بڵێن لەگەڵ سەرۆك وەزیران قسەمان كردووە و سبەی ئەو بڕیارە دەدات یان ئەو ڕاستەكردنەوەیە بڵاو دەكاتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ڕۆژی چوارشەممه، فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی لیژنەی كاروباری ئابووری بەئامادەبوونی وەزیرانی (پلاندانان، بازرگانی، پیشەسازی و كشتوكاڵ) و پارێزگاری بانكی ناوەندی و نوێنەری وەزیری نەوت و عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییە پێوەندیدارەكان كرد، دواتر چەندان ئەندامی ئەنجوومەن لە ڕێی میدیای حزبەكان ئەو بڕِیارانەیان وەك دەستكەوتی تایبەتی خۆیان لێكدایەوە ئەوە لە كاتێكدایە ئەندامی پەرلەمان ناتوانێ بڕیار دەربكات، بەڵكو دەتوانێ پێشنیار و پڕۆژە یاسا پێشكەش بكات.