سەرۆك بارزانی پەیامێك ئاراستەی كه‌ناڵی کوردستان تیڤی دەکات

ئەمڕۆ پێنج شەممە 17ـی 1ـی 2019، سەرۆك مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، دامەزراندنی دەزگای سەتەلایتی كوردستان وەرچەرخانێك بوو لە ڕاگەیاندنی كوردستانی و ڕۆڵی بەرچاوی لە بڵاوەپێكردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و كولتووری پێكەوەژیان و خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەماندا هەبووە.

کەناڵی سەتەلایتی کوردستان لە رۆژی 17-1-1999 دەستی بە پەخشی ئاسایی خۆی کرد.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بەبۆنەی بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای سەتەلایتی كوردستان پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی بەڕێوەبەر و ستاڤ و سەرجەم كارمەندانی دەزگای سەتەلایتی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

دامەزراندنی دەزگای سەتەلایتی كوردستان وەرچەرخانێك بوو لە ڕاگەیاندنی كوردستانی و ڕۆڵی بەرچاوی لە بڵاوەپێكردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و كولتووری پێكەوەژیان و خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەماندا هەبووە و كاریگەریی لەناو میدیای كوردیدا دیارە. هەروەها پابەندی بنەماكانی ڕاستگۆیی و هەست بە بەرپرسیارێتی و ئامانجە باڵاكانی گەلەكەمان بووە و بەرهەم و دەستكەوتەكانی جێگەی شانازییە.

لەوبۆنەدا هیوادارم دەزگەی سەتەلایەتی كوردستان بە سوودوەرگرتن لە شێواز و ئامرازی سەردەمیانە و بە گوڕوتینێكی زیاتر بەردەوام بێت لە قووڵكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و كولتووری ئاشتی و پێكەوەژیان و پاراستنی جیاوازییەكان و هەروەها ئەو چاوەڕوانییەی لێ دەكرێت كە ببێتە میدیایەكی كارامە و لە ئاستی گۆڕانكاریی و پێشهاتەكان بێت و بە شاییستەترین شێوە ماف و داواكارییە ڕەواكانی گەلی كوردستان و مێژوو و بەها بەرزەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بناسێنێت و برەویش بە خۆشەویستیی نیشتیمان و هۆشیاریی گشتی لە كۆمەڵگە بدات.

دەستخۆشیتان لێ دەكەم و پێزانینم بۆ ئەرك و ماندووبوونتان هەیە.

مسعود بارزانی

17ـی 1ـی 2019

 

 

 

Back to top button