كاندیدهكانی پارتی و یهكێتی و گۆڕان بۆ پۆستهكانی حكومهت ئاشكرا بوون
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی و بزوتنهوهی گۆڕان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم رێككەوتوون و ئەندامێكی پهرلهمانی كوردستانیش ناوی كاندیدەكان ئاشكرا دهكات.
رێبوار بابكەیی پەرلەمانتاری كوردستان له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان به ماڵپەڕی”بغداد الیوم” ڕاگهیاند:” نێچیرڤان بارزانی دەبێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر، كاندیدی بۆ بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم”.
پهرلهمانتارهكهی كوردستان دهشڵێ :””مەسروور بارزانی، كاندیدی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانه و قوباد تاڵەبانیش جێگری سەرۆكی حكومەت و هەروەها سەرۆكی پەرلەمانیش پشكی یەكێتییە و تائێستا یەكلایی نەكراوەتەوە، كە رێواس فایەق وەری دەگرێت، یان بێگەرد تاڵەبانی و لە هەردوو حاڵەتەكەشدا هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەبێت”.
بەپێی زانیارییەكانی دواین كۆبونەوەی نێوان پارتی و یهكێتی و گۆڕان كە ئەم هەفتەیە بەڕێوەچوون رێككەوتن كراوە و لیژنەیەكی هاوبەش دروستكراوە لە نێوانیاندا بۆ چارهسهركردنی كێشهكان ودابەشكردنی تەواوی پۆستەكان.
لهبارهی وەزارەتە هەستیارەكانهوه ،ماڵپەڕی”بغداد الیوم” دهڵێت :” وهزارهتهكانی ئابوری وناوخۆ لای یەكێتی و پارتی دەبن و گۆڕان هیچ پۆستێكی هەستیار وەرناگرێت لە حكومەتدا و سەرۆكی حكومەتیش تەنها یەك جێگری دەبێت”.
لەنێو وەزارەتە سیادییەکاندا یەکێتی چاوی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی و ناوخۆیە، گۆرانیش دەیەوێت لەنێوان دارایی و پێشمەرگە یەکێکیان مسۆگەر بکات. بەڵام یەکلابوونەوەی ئەمانە ئەو کاتە دەبێت لیژنەکانی نێوانیان خاڵبەندی هەموو پۆستەکان بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن یەکلا بکەنەوە.