وەزارەتی تەندروستی: ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە هیچ حاڵەتێکی ئەنفلەوەنزیا لە هەرێم تۆمار نەکراوە

دوای ئەوەی چەند میدیایەک هەواڵێکیان لەبارەی بڵاو بوونەوەی ئەنفلەوەنزیای باڵندەیان لەهەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەتی كردەوە هیچ حالەتێكی نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمار كرابێت، بەڵكو رایگەیاند تووشبووێكی ئەنفلۆنزای بەراز تۆمار كراوە، كە ئێستە ناوی ئەنفلۆنزاكە بووەتە ئەنفلوەنزای H1N1 و چیتر مەترسیدار نیە، بەڵكو لەمەودوا وەك ئەنفلۆنزایەكی وەرزی دەناسرێت.

وەزارەتی تەندروستی لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد حالەتێكی ئەنفلۆنزای H1N1 کە بەهەڵە ناسێندراوە بە ئەنفلەوەنزای بەراز، لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و لەژێر چاودێری تەندروستیدایە و خۆشبەختانە بارودۆخی تەندروستی جێگیر و باشە.

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە “بۆ زانیاریی هاووڵاتیان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بە پێویستی دەزانین جەخت لەو ڕاستیە بکەینەوە کە ئەنفلوەنزای H1N1 ئێستە بەشێکە لە ئەنفلوەنزای وەرزی، کە پەتایەکی ساڵانەی چاوەڕوانکراوە لە هەموو جیهان، بەشێوەی وەرزی ڕوودەدات . لە ڕووی مەترسی و ترسناکی جیاوازە لەو پەتایەی ئەنفلوەنزای بەراز H1N1 کە لەساڵی ۲۰۰۹ ڕووی دا و جیهانی گرتەوە، ئەوکات کوتانی دژی ڤایرۆسەکە نەبوو، ڤایرۆسەکە نوێ بوو و خەڵک هیچ بەرگرییەکیان نەبوو دژی ڤایرۆسەکە، بەڵام ئێستە کوتانی دژی ڤایرۆسەکە هەیە و هەموو کەسێک بە تایبەتی ئەوانەی مەترسیان لێ دەکرێت وەک کەسانی بەتەمەن و منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ و نەخۆشانی دڵ و سینگ و ئەوانەی بەرگری لەشیان کەمە، دەتوانن کوتانی ئەنفلوەنزا وەربگرن بۆ خۆپارێزی”.

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکان بەسووکی دەبێت و پێویستە نەخۆشەکان لە ماڵەوە پشوو بدەن و شلەمەنی زیاتر بخۆنەوە و نەچنە شوێنی قەرەباڵغ.

وەزارەتەكە راشیگەیاندووە كە بۆ خۆپارێزی هاووڵاتیان، پێویستە زوو زوو دەست بە ئاو و سابوون بشۆن، لە کاتی کۆکە و پژمیندا، دەم و لووت بە کلێنیکس یان دەستەسڕ داپۆشرێ. هەروەها نەچن بۆ شوێنی قەرەباڵخ و داخراو. لە کاتی تووشبوونیش بە نەخۆشیەکە، پشوو بدەن.

ئەوەش هاتووە كە ئەو هاووڵاتیانەی خوارەوە ئەگەر توشبوون، پێویستە زوو سەردانی پزیشک بکەن:

۱. کەسانی بەتەمەن یان منداڵی خوار پێنج ساڵ .
۲. ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی دڵ و سینگیان هەیە
۳. ئەوانەی نەخۆشی کەمی بەرگری لەشیان هەیە
٤. ژنانی دوو گیان

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو ڤایرۆسە H5N1 نیە کە ناسراوە بە ئەنفلۆنزای باڵندە، هیچ حاڵەتێکی ئەنفلۆنزای باڵندە H5N1 لە هەرێم تۆمار نەکراوە.

Back to top button