چاودێرێکی سیاسی: کۆمەڵ باجی غرووری عەلی باپیر دەدات، دەبوایە ئەمیری کۆمەڵ هێندەی تێدا بهێشتایەتەوە کە ئێستا شەرمەزار نەبێت

 

لەگەڵ ئەوەی لەڕابردوودا بۆ هەموو پرسە نیشتیمانیەکان ڕاوێژی لەگەڵ سەرکردەی حزبەکوردستانیەکان دەکرد و لە کابینەی هەشت پارتی لەڕێگای حکوومەتی بنکەفراوان بەشداری بەهەموو حزبەکانکرد، بەڵام چەند سەرکردەیەک دەرفەتیان لە هەڵوێستەکانی ڕابردووی پارتی بینی تەنانەت بۆ خۆ دەرخستن دژ بەپرسە نیشتیمانیەکان وەستانەوە، چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت، عەلی باپیر ”غروور بوو“ دەبووایە ”هێندەی تێدا بهێشتایەتەوە کە ئێستا شەرمەزار نەبێت“.

 

د. ناسیح غەفوور، چاودێر و ئەندامی یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاندووە: ”سەرۆک بارزانی ھەمیشە ڕێزێکی زۆری لە عەلی باپیر گرتووە و لە زۆربەی پرسە جیاوازەکاندا ڕاوێژی بە عەلی باپیر کردووە و کاتێکیش لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دەستگیر کرا، سەرۆک بارزانی ھەموو ھەوڵێکی خۆی خستە گەڕ تاوەکوو لەژێر دەستی ئەمریکییەکان ئازادی بکات، باڵام عەلی باپیر و حزبەکەی تووشی غرووری سیاسی بوون و لەکابینەکەی پێشوودا ھەڵوێستیان گۆڕا“.

 

ئەوەشی نەشاردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا هەرچەندە شەڕی داعش بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و قەیرانی دارایی تەنگی بە هاووڵاتییانی کوردستان ھەڵچنیوە، بەڵام ”بەشێکی زۆری سەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامی لە بەغدا و کوردستان، ھەڵوێستێکی خراپیان بەرامبەر ئەو بارودۆخە نواند، تەنانەت ئەو حزبە لەکۆبوونەوەکانی خۆیاندا توانجیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگرت“.

 

ئەو چاودێرە سیاسییە جەختی کردەوە کە ئێستا کۆمەڵی ئیسلامی پێیخۆشە بەشداری لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بکات، بەڵام ”کۆمەڵ نازانن چۆن دەری ببڕن، چونکە ئەوان دەیانەوێت پارتی بچێتە لای کۆمەڵی ئیسلامی تاوەکوو داوای ئەوەیان لێ بکەن کە بەشداری لە حکوومەتی داهاتووی کوردستاندا بکەن، ھەروەھا کۆمەڵی ئیسلامی وا بیردەکاتەوە پارتی وەکو پێشوو حیسابێکی دیکە بۆ کۆمەڵی ئیسلامی بکات“.

 

بە بڕوای ناسیح غەفوور، کێشەی کۆمەڵ ئەوەیە کە ئەگەر بەشداری لە کابینەی دەھاتوو بکات، ”جگە لەوەی خۆیان سوودمەند دەبن و ژمارەیەکی زۆر بەرپرسانی خۆیان دادەمەزرێنن، ڕەنگە ئەوکاتە ئەگەر لەناو حکوومەتدا پشکیان ھەبێت، دووبارە بۆ فریودانی خەڵکی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێڕن، بێگومان ئەوەش کارێکی ھەڵەیە، چونکە ئەگەر  حزبێکی سیاسی بەشداریی حکوومەت بکات، ناکرێت بۆ فریودانی خەڵکی سۆزی شەقام بەلای خۆیدا ڕابکێشێت”.

 

ئەوەشی نەشاردەوە کە ڕەفتار و مامەڵەکانی عەلی باپیر ”سرووشتی نییە“ و دەبێ بەخۆیدا بچێتەوە. گوتیشی: ”حزبەکەی عەلی باپیر، کاتێک کەمێک دەنگەکانی زیادی کرد، تووشی غرووری سیاسی بوو و پەلاماری پارتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان دا، بەڵام ئەم کارەی عەلی باپیر، زیان بە ئایندەی حزبەکەی دەگەیەنێت”.

 

لە کۆتاییشدا ئەوەی نەشاردەوە کە بەهۆی ئەو هەڵوێستانەیەوە، عەلی باپیر بە تەنیا ماوەتەوە و ”مەگەر لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید هاوپەیمانی بکات“، ئەگینا کەس لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی ناچێتە یەک بەرەوە.

Back to top button