ئەم هەفتەیە بۆ مووچەی فەرمانبەران و پارەی گەنمی جووتیاران یەکلاکەرەوە دهبێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، بڕیارە لەم هەفتەیەدا پرسی بودجەی گشتیی ٢٠١٩ی عێراق تاوتوێ بکرێت کە ئەوەش بۆ بابەتی مووچەی فەرمانبەران و بابەتی گەنمی جووتیاران یەکلاکەرەوەیە.
محەمەدئەمین فارس، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە پەرلەمان و لێژنەی داراییدا هەوڵ دەدەن بودجەی ئەمساڵی عێراق لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان یەکلا بکرێتەوە.
فارس زیاتر ڕوونی کردەوە، لە کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمان، کار بۆ ئەوە دەکەن، بابەتەکان لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و پێشمەرگە و جووتیارانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ بێت، بەڵام پێویستیمان بەوەیە یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین لە ئەنجومەنی نوێنەران، تاوەکوو بتوانین لە بەرژەوەندیی میللەتی خۆمان کار بکەین”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختی کردەوە کە بڕیار دراوە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆتایی بە بابەتی دەنگدان لەسەر بودجەی گشتیی ٢٠١٩ی عێراق بکرێت، بۆیە ئێستا بە شێوەیەکی چڕ لەنێو لێژنەکانی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.