کۆبوونەوەی نێوان پارتی و لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەست پێ دەکاتەوە
بڕیارە لەو هەفتەیە كۆبوونەوە سیاسییەكان بۆ گفتوگۆكردن بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ بكەنەوە و ئەندامێكی شاندی دانوستانكار ئاشكرای دەكات.
نوری حەمە عەلی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند، لەم ھەفتەیەدا کۆبوونەوە دەکرێت. بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە دیار نییە لە چ ڕۆژێکدا کۆبوونەوەکان بەڕێوە دەچن.
جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەی شاندی پارتی لەگەڵ هەردوو شاندی یەکێتی و گۆڕان بەڕێوە دەچێت و تێیدا پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت.
بهپێی زانیاریهكانی (خـواكورك) كۆبوونەوەكانی ئەو هەفتەیە ئەگەر بكرێن یان هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی بڕیاردان دەبێت و هەنگاوێك بۆ دیاریكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبێت و ئەگەری زۆرە بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بدرێت.
ڕۆژی دووشەممه، كۆبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی لە شاری هەولێر بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بەڕێوە چوو، بڕیار درا بەپێكهێنانی لیژنەی هاوبەش لە نێوانیان بۆ گفتوگۆكردن بۆ پێكهێنانی حكوومەت.
ڕۆژی سێ شەممه، كۆبوونەوەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوە چوو و تیایدا بڕیار درا بە پێكهێنانی دوو لیژنە لە نێوانیاندا.
پارتی خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و ئەركی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستانی لە ئەستۆیە، تا ئێستە دوو جار لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆ بووەتەوە بۆ ئەوەی بەشدارییان لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان پێ بكات.