توركمانه‌كان به‌یه‌ك پاكێج به‌شداری له‌ دانوستاندانه‌كاندا ده‌كه‌ن

چوار فراکسیۆنی پێکهاتەی تورکمان بە یەک پاکێج بەشداری لە دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئایدن مەعرووف، په‌رله‌مانتاروئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی ، راگەیاند: “بۆ ئێمە لەم کاتەدا سەقامگیری سیاسی هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە و دەمانەوێ لە چوارچێوەی ئەم سەقامگیرییەدا تورکمانەکانیش بە شێوەی ئەکتیڤ و کارا بەشدار بن لە پرۆسەی سیاسی و حکومەتی نوێ هەرێمی کوردستاندا. ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان داواکارین یەک لە جێگرەکانی هەر سێ سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم یان حکومەتمان پێبدرێت بۆ ئەوەی تورکمانەکان بتوانن بەشێوەی راستەوخۆ بەشداری حکومەت بکەن”.

رۆمیۆ هەکاری سكرتیری سکرتێرى پارتى بێت نەهێرێنی كلدان و ئاشوری، راگەیاند: “ئاسوودەبین لە داهاتووی خۆمان و ئاسوودەبین لەوەی کە مافەکانمان لە چوارچێوەی سەرجەم یاسا و بڕیارەکان کە لە پەرلەمانی کوردستان دەدرێت و کاری پێ دەکرێت، هەروەها لە چوارچێوەی دەستووری هەرێمی کوردستانی داهاتوودا دەبێ مافەکانمان هەم جێگیر بێت و هەم بچەسپن”.

محەممەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی گووتی:” پێکهاتەی تورکمان داوای پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی حکوومەت یاخود جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ وەزارەتێک و دەستەیەک دەکەین، چونکە “لە کابینەی ڕابردوودا تەنیا یەک وەزارەتمان هەبوو، ئێستاش لەبەر ئەوەی لە ڕووی پێکهاتەی نەتەوەییەوە دووەمین نەتەوەی کوردستانین، داوا دەکەین لە پۆستەکانی سەرۆکایەتیشدا بەشدار بین”.

یەکەمین حیزبی تورکمانی لە ساڵی ۱۹۹۲ لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە. ئێستا زیاتر لە ۱۱ حیزب و لایەنی تورکمانی لە هەرێمی کوردستانن ، تورکمانەکان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا زیاتر لە ۹ هەزار دەنگیان هێناوەو تاوەکو ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆی لەگەڵ نەکردوون.

Back to top button