هەفتەیەكە لە سلێمانی هاوڵاتیەك بە ئۆتۆمبێلەوە بێ سەروو شوێن بووە پۆلیس هیچ زانیاریەكی لە بارەوە نیە
دوای ئەوەی لە كۆتایی هەفتەی رابردوو كەسوكاری هاووڵاتییەك بە ناوی تاریق ڕۆستەم كە پیشەی دووكاندارە لە نزیك پردی مەولەوی لە شاری سلێمانی و تەمەنی ٤٠ ساڵە، گردبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و ڕایانگەیاند، ڕۆژی ١٨ی ١٢ی ٢٠١٩، پاش ئەوەی لە گەراجێك ئۆتۆمبێلەكەی (لە جۆری ئەڤەلۆن ڕەنگ سپی ژمارە تابلۆی ٢٠٨٧٠٦) دەرچووە، دیار نەماوە و بێسەروشوێن بووە, ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوای روونكردنەوە لە پۆلیس دەكات.
زیاد كاكە ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندووە، هەر حاڵەتێكی نەخوازراو، “ئاشتەوایی و دۆخی سەقامگیریی شار دەخاتە مەترسییەوە و ترس لەنێو هاووڵاتییان درووست دەكات، بۆیە داوا لە دەزگا ئەمنییەكان دەكات، وردەكاریی ڕووداوەكە بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەن، هیوادەخوازم ئەم حاڵەتانە لە حاڵەتەوە نەبن بە دیاردە.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونیشی كردەوە، ئەركی دەزگا ئەمنییەكانە، ڕێگە نەدەن كاری نایاسایی ڕووبدات و داوای كرد، لەكاتی ھەر ڕووداوێكی نەخوازاودا، وردەكاری ڕووداوەكە بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەن، چونكە ئەوە بۆ ئایندە زۆر مەترسیدارە و پەرەدەستێنێ و گەشە دەكات”.
زیاد كاكە ڕەزا نەیشاردەوە كە لە هەموو وڵاتێكدا رووداوی نەخوازراو ڕوودەدات، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لێژنەی ناوخۆ و ئاسایشی ھەیە، ئەو لێژنەیە كاری سەرەكی ئەوەیە كە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوانە بكەن، ھەرچەندە لیژنەكە بەدواداچوونی جددی بۆ ڕووداوەكان دەكات و لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكاندا ھەماھەنگی هەیە.
ئەندامەكەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێویستی دەزانێت، دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی ھەوڵەكانی خۆیان بخەنە گەڕ تاوەكوو ئەو حاڵەتانە نەبن بەدیاردە، بەڵام “ئەگەر ئەو حاڵەتانە درێژەی كێشا، ئەو كاتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕۆڵی خۆی دەبینێت، مافی ئەوەشی ھەیە، بەرپرسی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو ڕووداوانە بانگهێشتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بكات”.