عادل عەبدولمەهدی: ئەولەویەتی کاری حکوومەت چارەکردنی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت
دوای دەست بەكاربوونی حكومەتی نوێی عێراق, ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەرەو ئاسای بوونەوە چووە, لەدوا دیداری نێوان سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، سەرۆكوەزیران ڕایگەیاند، ئەولەویەتی كاری حكوومەتەكەیان چارەكردنی كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت.
د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دكتۆر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆ بوونەوە و لە دیدارەكەدا بە شێوەیەكی گشتی باسیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق كرد، بەتایبەتی تیشك خرایە سەر بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان و تەئكید لە ئەوە كرایەوە كە پێویستە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە جیا بكرێتەوە لە ململانێ و ناكۆكییه سیاسییەكان.
له بەشێكی تری دیدارەكەدا باس له ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شاری كەركووك كرا، كە چارەسەركردنی كێشەكە له چوارچێوەی دەستوور و بە تەواوفوقی هەموو پێكهاتە سەرەكییەكانی كەركووك بێت.
لە تەوەرەیەكی تری كۆبوونەوەكەدا حەداد جەختی لەسەر پێدانی شایستە داراییەكانی جووتیاران و خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی عێراق له زووترین كاتدا پارەكەیان بۆ بنێرێت، هەروەها بە زووترین كات نەوت بەسەر كەمپەكان و ئاوارەكاندا دابەش بكرێت و ئەو پۆستانەی له سەردەمی حكوومەتەكانی ڕابردووشدا هی كورد بوون، بۆ كورد بگەڕێنرێنەوە. لەبارەی بارودۆخی شنگالیشەوە لە كۆبونەوەكەدا جەخت كرایەوه لەسەر پشتگیری لە دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی ناوچەكە.
هەردوولا كۆكبوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جیبەجێكردن لە عێراقدا پتەو بێت. جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەر لە كۆبوونەوەكەدا داوای لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد كە هەوڵی جددی بدات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی له نێوان هەرێم و بەغدادا هەن. عادل عەبدولمەهدیش بەڵێنی تەواوی بە حەداد دا كە هەموو هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و رایگەیاند كە ئەولەویەتی كاری حكوومەت بۆ چارەكردنی كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت.