سێ هاوڵاتی لە چیای کۆڕەک گیریان خواردووە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێ کەس کە دانیشتووی سنووری شاری سۆرانن لە چیای کۆڕەک کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر گیر دەخۆن و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ڕزگار بکرێن و گیانیان لە مەترسیدایە، بەرپرسی بەرگری شارستانی سۆرانیش دەلێت لەهەوڵداین رزگاریان بکەین.

 

عەمید عیماد كەنعان، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران،  رایگەیاند: “لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاگادار كراینەوە كە سێ هاووڵاتیی دانیشتووی شارەدێی خەلیفان، لەدەڤەری سۆران لەچیایی كۆڕەك گیر بوونە، ئەگەرچی تیمەكانی بنكەی شارستانی سۆران و خەلیفان و تیمەكانی دیكەی فریاكەوتن و هاووڵاتییان، توانیویانە شوێنەكەیان بدۆزنەوە، بەڵام بەهۆی سەختی شوێنەكە رزگاركردنیان ئەستەمە”.

 

گوتیشی: “بۆ رزگاركردنی ئەم هاووڵاتیانە داوای كۆپتەرمان كردووە، بەڵام لە وەڵامدا پێیان راگەیاندووین بەهۆی ئەوەی كاتەكە شەوە كۆپتەری فریاكەوتن ناتوانێت بگاتە شوێنەكە، بۆ ئەم مەبەستە داواكارین لە شاخەوانان و كەسانی شارەزا روو بكەنە شوێنەكەو تا بتوانین بە هەموو لایەك ئەم چەند كەسە رزگار بكەین”.

Back to top button