غالب محەمەد: 330 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك دیارنیە
دوای ئەوەی بە هۆی خیانەی 16ـی ئۆكتۆبەر كەركووك لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیركرا, لەو كاتەوە نەوتی كەركووك لە لایەن میلیشیاكانی حەشد و گرووپی خیانەتكاری یەكێتی بە قاچاغ دەبرێت, پەرلەمانتارێكی عێراقیش دەڵێت:” 330 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك دیار نیە”.
غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: “نوسراوێكم ئاڕاستەی وەزیری نەوتی عیراق كردووە بۆ ئاشكراكردنی ئەو گرێبەستی نێوان عێراق و هەرێم كراوە بۆ هەناردەكردنی 100 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك كە خۆی 430 هەزار بەرمیل نەوتە، كەس نازانێت 330 هەزار بەرمیلەكەی دیكە چی لێهاتووەو بۆ كوێ دەچێت”.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: “ئەوەی گرنگە لای ئێمە دەستكەوتنی زانیارییە لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بزانین ئایا تێكەڵی یەك كراون یاخود بە جیاوازی مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە”.
ئاشكراشیكرد، “بەپێی ئەو بەڵگانەی بەردەستمان كەوتووە تاوەكو 1تشرینی دووەمی 2018 ئەو نەوتەی كەركوك لە رێگەی تانكەرەوە رەوانەی ئێران كراوە، لیژنەیەكی كۆمپانیای نەوتی باكوریش بەنهێنی رەوانەی ناوچەی گەرمیان كراوە بۆ ئەوەی بزانن چۆن نەوتی كەركوك هەناردە بكەن”.
هەروەها گوتیش:” ئەوەی ئاشكرایە لەئێستادا 100 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك بە رێگەی بۆری رەوانە دەكرێت و ئەوەی دیكەی نازانرێت چی بەسەر دێت، بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشتی بەڕێوەبەری كۆمپانیای “سۆمۆ”مانكردووە و یەكێك لە پرسیارەكانیش كە لێی دەكەین نەوتی كەركوكە، بۆ كوێ دەڕوات و چی بەسەر دێت؟، ئەوەش دوای كۆتایی هاتنی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2019ی عیراق و ئاشكرا دەكرێت”.