کچەکەی هەڵەبجە بە فەرمی ناسنامەی پێدرا
پاش چەند ساڵ کێشە و گرفت، بۆ “مریەم هەڵەبجەیی” ، سەرەنجام ئەمڕۆ یەکشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە هەولێر بڕیار درا ڕەگەزنامەی عێراقیی پێ بدرێت، ئەو کچە هەڵەبجەییە کە پاش کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ون ببوو، لە ئێران لەلای بنەماڵەکەی فارس گەورە بووە، ناوی مریەم بووە و چەند ساڵێکە هاتووەتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام چەند گرفتێک لە کەیسەکەیدا دروست ببوو.
مریەم ناوی خۆیە گۆڕیوە بۆ “ژیان کامەران” و ڕێکەوتی لەدایکبوونیشی ئەمڕۆ دیاری کردووە و لە پرێس کۆنفرانسێکدا دادگای هەولێر بڕیاری دا ناسنامەی عێراقیی بە فەرمی پێ بدرێت، پێشتر و ساڵی 2017 و ڕێکەوتی سێشەممە 31-10-2017 لە دادگایی هەولێر دانیشتنێك لەبارەی كەیسی مریەم هەڵەبجەیی بەڕێوە چووبوو، پارێزەرەکەشی ئاشکرای کردبوو کە پشكنینی (دی ئێن ئەی) ئەوەی سەلمماندووە کە مریەم هاوناز نییە، بەڵام دوای چەند پشکنین و دادگایی و پێداچوونەوەی دیکە ئەمڕۆ چارەنووسی یەکلایی بووەتەوە.
مەریەم هەڵەبجەیی کچێکی کوردی ونبووی هەڵەبجەیە و لە ئێران گەورە بووە، لە ساڵی 2015 وەها راگەیێندرا كە ناوی راستەقینەی هاونازە و دایکی هاونازیش دۆزرایەوە، بەڵام دواتر دەركەوت كە لە ئاشكراكردنی ناسنامەكەی هەڵە كراوە.
بەهۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 لەلایەن سەددام حوسێنەوە، تاکوو ئێستا 179 منداڵی 73 خێزانی هەڵەبجە چارەنووسیان دیار نییە، 7 منداڵی هەڵەبجەییش چاوەڕێی ئاشكراكردنی ناسنامەیان دەكەن و دادگاش لێدوانی سێ لەو منداڵانەی وەرگرتووە.