ئەو کەسانەی تەقەیان لە پزیشکەکەی شاری سلێمانی کرد پیاوی بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بوون

ئەو پزیشکەی شەوی رابردوو لە شاری سلێمانی تەقەی لێکرا، ئاشکرای کرد کە دۆسیەی هاوردەکردنی دەرمانی ئێکسپایەری بەرپرسێکی ئاشکرا کردووە و بەو هۆیەوە تەقەی لێکراوە.

دکتۆر بەختیار ئەمین بارام، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئێسك و شکاوی بۆ ده‌زگا میدیاییكان ڕاگەیاند: شەوی رابردوو دوای ئەوەی لە نۆڕینگەکەم تەواوبووم، بە شەقامی سالمدا دەڕۆشتم، لەپڕ ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تویوتا) ھاتە بەردەمم و ڕایگرت و منیش لە ئۆتۆمبێلەکەم دابەزیم، گوتم ڕەنگە کەسێکی ناسراو بێت، بەڵام دوای ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکەم دابەزیم، سێ کەسیان ھاتن بەرەو ڕووم کە جلی مەدەنییان لەبەردابوو، یەکێکیان کەلەیەکی لە دەموچاوم دا و دەم و لووتم پڕبوو لەخوێن بوو، بە پیاوی كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی خۆیان ناساند، ھەروەھا ئەو کەسانە جنێوێکی زۆریان بە پارێزگار و بەڕێوبەری ئاسایش دا، چونکە خۆیان بە پیاوی بەرپرسێکی باڵا ناساند و گوتیان حیساب بۆ کەس ناکەین.

دکتۆر بەختیار ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەکێك لە چەکدارەکان هەوڵی کوشتنی داوە و ویستوویەتی تەقەی لێبکات، بەڵام من پەلامارم دا و دواتر ڕامکرد، بەڵام تەقە کرا و دواتر خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە و  تەقەیەکی زۆر لەو ناوە کرا، بێگومان منیش بۆ ئەوەی ژیانم پارێزارو بێت، داوای ھاوکاریم لە پۆلیسی فریاکەوتن کرد، خۆشبەختانە ھێزەکانی پۆلیس ھاتن بە دەممەوە و لە دەستی ئەو چەکدارانە ڕزگاریان کردم.

دکتۆر بەختار ئەمین ئاشکرای کرد، ئەو کەسانەی تەقەیان لێکردووە، پیاوی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ بوون، چونکە دوو مانگ پێش ئێستا، کەیسی گەندەڵی ھاوردەکردنی دەرمانی ئێکسپایەرم لەلایەن ئەو بەرپرسەوە ئاشکرا کردووە، بۆیە ئەو بەرپرسە پیاوەکانی خۆی ناردووە تاوەکوو بمکوژن:

پزیشکەکە نەیشاردەوە کە لەبەردەم مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە، بۆیە سکاڵای یاسایی لە دژی بەرپرسەکە تۆمار دەکات و دەڵێت: ”ئەگەر بەرپرسەکە ئەوانەی نەناردبێت، ئەو کەسانە چۆن لەخۆیانەوە بەناوی بەرپرسەکەوە قسە دەکەن و ھەوڵی کوشتنم دەدەن؟.

 

 

Back to top button