عه‌بدولستار مه‌جید: پێمان خۆشه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتی ئاسایی بكرێته‌وه‌

تا ئێستا چه‌ند گەڕێكی دانوستاندن له‌باره‌ی پێكهینانی كابینه‌ی نویه‌می حكومه‌تی هه‌رێم لە نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان له‌گه‌ڵ هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان بەڕێوە چووە،به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی نه‌كردووه‌ .

پێشتر سەربەست لەزگین، ئەندامی سەركردایەتی پارتی راگەیاندبوو” پارتی هێڵی سوری له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك نییه‌ و شاندی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی دەكات”. بەڵام كاتی سەردانەكەی پارتی بۆ لای كۆمه‌ڵ دیارینەكراوە.

لای خۆیه‌وه‌ عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت: ”ئێمە گوتوومانە ھەرکاتێک ئەوان بۆ گفتوگۆ بێن، پێشوازییان لێ دەکەین“.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی ده‌شڵێت :” تا ئێستا دیار نییە کە حزبەکەی بەشداری لە حکوومەت دەکات یان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و هێشتا لەمبارەیەوە بڕیاریان نەداوە”.

هاوكات پێشتریش سه‌لیم كۆیى به‌رپرسى پێوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌باره‌ی به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ی نوێ گوتبووی ” كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ گفتوگۆى پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى كوردستان چاوه‌ڕوانى شاندى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كه‌ین”.

عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی نوسیویه‌تی : ”بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتیش نەبێت و بۆ سەردانکردن بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان بێت، بێگومان پێشوازی لێ دەکەین، ئێمە حەز دەکەین باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکەش ھەبێت، ئەوە شتێک نییە قسەی لەسەر بکرێت“.

Back to top button