سەرکردەیەکی کۆمەڵ : شاندی پارتی هەر کاتێك بۆ گفتوگۆ بێت پێشوازی لێ دەکەین

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان ئامادەن بۆ پێشوازیکردن لە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هەرچەندە دوو گەڕی گفتوگۆ و دانیشتن لەنێوان شاندی پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەریەک لە یەکێتی و گۆڕان بەڕێوە چووە، بەڵام هێشتا شاندی پارتی سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی نەکردووە، لە کاتێکدا ئەو حزبە ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی پارتی دەربڕیوە، لەمبارەیەوە عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی لە زنجیرە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ئێمە گوتوومانە ھەرکاتێک ئەوان بۆ گفتوگۆ بێن، پێشوازییان لێ دەکەین.

ڕوونیشی کردەوە، تا ئێستا دیار نییە کە حزبەکەی بەشداری لە حکوومەت دەکات یان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و هێشتا لەمبارەیەوە بڕیاریان نەداوە.

ئەو سەرکردە باڵایەی کۆمەڵی ئیسلامی جەختی کردۆتەوە: بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتیش نەبێت و بۆ سەردانکردن بە مەبەستی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان بێت، بێگومان پێشوازی لێ دەکەین، ئێمە حەز دەکەین باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکەش ھەبێت، ئەوە شتێک نییە قسەی لەسەر بکرێت.

Back to top button