پەكەكە بە دروشمی ” هەڵمەتی سەرهەڵدان” خۆپیشاندان لە سڵێمانی ئەنجامدەدات
لەگەڵ ئەوەی لە رابردوو یەكێتی سەرجەم چاڵاكیەكانی حزب و گرووپەكانی سەر بە پەكەكەی لە سلێمانی قەدەغەكرد و كادرانی ئەو حزبەی بنڤاو و دەست بەسەركرد, بەڵام رێكخراوێكی سەر بە پەكەكە لە ژێر دروشمی “هەڵمەتی سەرهەڵدان” هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە سلێمانی دەكەن.
كارۆ مەحموود، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی كوردستان كە یەكێكە لە گرووپە قەدەغەكراوەكان، ڕادگەیاندووە، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و “دژی داگیركاریی كوردستان” دەوەستنەوە.
ڕوونیشی كردەوە كە گرووپەكانی (گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێكۆشەر) لەژێر ناوی “هەڵمەتی سەرهەڵدان” خۆپیشاندانەكە ئەنجام دەدەن و هەوڵ دەدەن “تا ئەوكاتەی سێبەری داگیركاری لە كوردستان دەگرین و لەناوی دەبەین، هەتا دوایین هەناسە تێكۆشان و بەرخودان دەكەین و سەر دەكەوین”.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ماوەیەكە لەلایەن ئاسایشی یەكێتییەوە چالاكییەكانیان قەدەغە كراوە و ئەندامەكانیان دەستگیر دەكرێن، بۆیە “ترسی ئەوەمان ھەیە ئەو ھەڵمەتی ڕەشبگیرییە بۆ دەستگیركردنی ئەندامانی تەڤگەر و گەنجانی وڵاتپارێز بەردەوام بێت”
ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز هیوای خواست، یەكێتی ڕێگە لە گەنجانی وڵاتپارێز نەگرێت، چونكە “ئێمە خۆپیشاندانی ھێمنانە دەكەین”.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەكانی ئاسایشی یەكێتی لە ئەنجامی ڕێككەوتنێكی نێوان حزبەكەیان و توركیا، جگە لە داخستنی سەرجەم بارەگای گرووپەكانی سەر پەكەكە، سینەما و كافێ كتێبیشیان داخست و نمایشكردنی فیلمی سینەماییان قەدەغە كرد، دواتریش دەیان كادیر و لایەنگری پەكەكەیان لە سلێمانی دەستگیر كرد كە دواتر دەستگیركراوەكان ئاسایشی سلێمانییان بە ئەشكەنجەدانیان تۆمەتبار كرد.