سێ رۆژە فڕۆكەكان بە ئاسمانی خورماتوودا دەسوڕێنەوە چاودێری جولەكانی حەشدی شەعبی دەكەن گوماندەكرێت فڕۆكەی ئیسرائیلی بن
دوای ئەوەی مایك پۆمپیۆ هۆشداری حكومەتی ئیسرائیلی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیاند كە گرووپ و میلیشاكانی نزیك لە ئێران, لە هەڵبوەشێندرێنەوە یان لە خاكی عێراق بچنە دەرەوە, بەڵام تا ئێستا ئەو میلیشایانە لەناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان ماونەتەوە, ماڵپەڕی دەنگی ئەمریكا بڵاویكردوەتەوە كە ماوەی سێ رۆژە فرۆكە بەسەر ئاسمانی قەزای خورماتوو-ی پارێزگای سەڵاحەدیندا دەسورێتەوە كە ئێستا قەزاكە بووەتە پێگەیەكی بەهێز بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی.
ل شەلال عەبدول، قایمقامی پێشووی قەزای خورماتوو بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندوە: “بەپێی هەندێك زانیاری، هێزەكانی حەشدی شەعبی ئاگادار كرابونەوە كە دەبوایە رۆژی 15ی ئەم مانگە لە كاتژمێر 5ی ئێوارە فرۆكەخانەی سدیق جێبهێڵن.”
وتیشی: “تائێستا فرۆكەخانەكە حەشدی شەعبیی تێدایە، بۆیە لە ناو خەڵكدا وا بڵاوبوەتەوە فرۆكەكان ئەمریكین و چاودێریی سەربازگەی سدیق دەكەن.”
هاوكات عەلی حسێنی وتەبێژی هێزەكانی حەشدی شەعبی، بەدەنگی ئەمریكای راگەیاند: “نازانین ئەو فرۆكانەی بەسەر ئاسمانی خورماتوودا دەسورێنەوە، فرۆكەی چی وڵاتێكن.”
وێرای جەختكردنەوە لەسەر مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبیش لە فرۆكەخانەی سدیق، عەلی حسێنی نكۆڵی لەوەكرد ئاگادار كرابێتنەوە بۆ چۆڵكردنی فڕۆكەخانەكە.
فرۆكەخانەی سدیق، كە فرۆكەخانەیەكی سەربازییە و دەكەویتە 15 كیلومێتر لە رۆژئاوای قەزای خورماتوو، لەئێستادا هێزەكانی حەشدی شەعبیی تێدایە و وەك دەنگی ئەمریكا ئاماژەی پێداوە بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان، ئەمریكیەكان دەیانەوێت بچنە ئەو فرۆكەخانەیەوە
چاودێرێكی سیاسیش بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە ئەگەر هەیە فڕۆكەكان ئیسرائیلی بن بۆ چاودێری كردنی جولەی میلیشا عێراقی و ئێرانیەكان لە ناوچەكەدا هاتبن و دواتر لە رێگای مووشەكی دوورهاوێژ بیانكاتە ئامانج.