ئیسرائیل چەند بنکەیەکی سوپای قودسی ئێرانی بۆردومان دەکات

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، بۆردومانەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21-1-2019 کراوەتە سەر ژمارەیەک ئامانج لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، کە ئیسرائیل بە بنکە و بارەگای سوپای قودسی ئێرانییان دەزانێت، دوای بۆردومانەکان، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە دیمەشق بیستراوە، بەڵام میدیاکانی سەر بە رژێمی سووریا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەو تەقینەوانە بڵاو نەکردووەتەوە.

میدیاکانی رژیمی سووریا هەواڵی بۆردومانەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، هێزی بەرگریی سووری بەرپەرچی مووشەکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلیان داوەتەوە و نەیانهێشتووە هیچ ئامانجێک بپێکن، سوپای ئیسرائیل لەڕێی فڕۆکە جەنگییەکانییەوە بەردەوام بنکە و بارەگا لە سووریا بۆردومان دەکات و باس لەوە دەکات، کە ئەو ئامانجانەی بۆردومان دەکرێن، لەلایەن سوپای قودسی ئێرانییەوە سوودیان لێ وەردەگیرێت.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران بە ناردنی هێز و میلیشیای چەکداری، پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکات و ئیسرائیلیش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە رێگا بە ئێران و میلیشیاکانی نادەن لە سووریا چالاکی بکەن، لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی زۆری شار و ناوچەکان، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

 

Back to top button