هەرێمی كوردستان وەڵامی ئێرانی دایەوە

خواكوڕك

فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت وەڵامی ئێران دەداتەوە، دەلێت رێگەنادەین ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكبدرێت”.

لەلێدوانێكی دا بۆ كەناڵی رووداو فەلاح مستەفا راگەیاند “هەرێمی كوردستان پابەندە بە پرەنسیپ و بنەما نێودەوڵەتییەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و كونسوڵگەرییەكان، بوونی نوێنەری 36 وڵاتیش لە هەرێمی كوردستان مانای بەهێزی پەیوەندی سیاسیی و دیپلۆماسی ئێمەیە لەگەڵ ئەو وڵاتانە و بوونی متمانەی دوو لایەنە دەگەیێنێت”.

لەبارەی قسەكانی راوێژكاری سەربازی رێبەری ئێران، كە گوتبووی “هەرێمی كورستان هاوكاری دوژمنانی ئێران دەكات، لەڕێگەی كونسوڵگەری سعودیە، حیزبەكەی بارزانی هاوكاری نەیارانی ئێران دەكات”، فەلاح مستەفا دەڵێت “بەشەكەی كونسوڵگەری شانشینی عەرەبی سعودیە بە جێدەهێڵم بۆ خۆیان با ئەوان وەڵامی ئەو تۆمەت و قسانە بدەنەوە، بەڵام بەشەكەی هەرێمی كوردستان سەرلەبەری ئەو قسانە رەتدەكەینەوە، داوا دەكەین پێش ئەوەی لێدوان بدرێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، ئێمە پابەندین بە پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشی دراوسێیەتی و پەرەپێدان بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ”.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە جەختیكردەوە، ‌رێگە نادەن كەس ئاسایشی هەرێمی كوردستان بشێوێنێت‌ و ببێتە هەڕەشەش بۆ سەر ئاسایشی هیچ وڵاتێكی دیكە. “دەمانەوێ‌ باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتان، بەتایبەتی دراوسێكانمان هەبێت”.

فەلاح مستەفا ئاماژە بەوەشدەكات، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پەیوەندییەكی بەرفراوانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیە، هەرێمی كوردستان هۆكارێكی سەرەكی سەقامگیریی و ئاساییشە لە عێراق و ناوچەكە.

Back to top button