راگەیاندراوێك لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان

خواكوڕك
 
رۆژی دووشەممە 7-11-2016 فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی پێشڕەوییەکانی هێزی پێشمەرگە بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەدەن کە “لە کاتژمێر 6:00ی رۆژی 7-11-2016 هێزەکانی پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد، بۆ راماڵینی تیرۆریستانی داعش لە شارۆچکەی باشیک”.
 
لەبارەی پێشڕەوییەکان و هێرشی هاوپەیمانانیش بۆ سەر داعش دەڵێن “لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە هێزەکانی هاوپەیمانان 14 هێرشی ئاسمانیان ئەنجامدا، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقێنرایەوە”، ئەمەش دوای پرۆسەی سەرکەوتنەکانی پێشترە، کە لە سێ هەفتەی رابردوودا لە ناوچەکانی دەوروبەری ئەنجام دراوە.
 
ئاماژە بەوەشکراوە کە “تاوەکو کاتژمێر 5:00ی هەمان رۆژ، هێزەکانی پێشمەرگە توانیان لە هەرسێ قۆڵەوە بچنە نێو شارۆچکەی باشیک و دەست بکەن بە پاککردنەوەی ماڵ بە ماڵی شارۆچکەکە لە تیرۆریستان”.
 
لە دوو هەفتەی رابردوودا هێزەکانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان توانیویانە گورزێکی تووند لە چەکدارانی  داعش بدەن، بە پێی راگەیێندراوەکەی فەرماندەیی گشتی هێزەچەکدارەکانیش کە هەفتەی رابردوو بڵاویکردووەتەوە”دەیان تیرۆریست و بەلاینی کەم 50 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو تێکبشکێنن، هەروەها فڕۆکەکانی هاوپەیمانان تاوەکو ئێستا نزیکەی 550 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە”.
 
رۆژی دووشەممە 7-11-2016 دوای چەند كاتژمێرێك شەڕكردن هێزەكانی پێشمەرگە شارۆچكەی باشیكیان كۆنترۆڵكردەوە و لە چوار قۆڵەوە هێزەكان لە سەنتەری باشیك یەكیان گرتەوە، ژمارەیەكی زۆر چەكداری داعش كوژراون و سێ چەكداریشیان بەدیلی كەوتوونەتە دەست پێشمەرگە.
 
Back to top button