ئێران كەوتە جوڵە قاسم سولێمانی و جەمیل بایك لەسلێمانی كۆدەبنەوە

خواكوڕك
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاكان، قاسم سولێمانی لەدواین سەردانی بۆ سلێمانی چاوی بەهاوسەرۆكی كۆماجڤاكێ كوردستان كەجەكە كەوتووە و داوای لێكردوون پەكەكە بەشداری شەڕی مووسڵ بكات.
 
رۆژنامەی باس لە زاری سەرچاوەیەكی سەربازی لە سلێمانی ئاشكرا كردووە،   قاسم سولەیمانی لە دوا سەردانیدا بۆ شاری سلێمانی چاوی بە جەمیل بایک، ھاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)  کەوتووە و بە فەرمی داوای کردووە گەریلاکانی PKK لە شنگال بەشداری لە گرتنەوەی مووسڵدا بکەن، لەبەرامبەر بەوەش ئێران پشتیوانیی چەک و پارەیان بۆ زیاد دەکات.
 
سەرچاوەکەی ئەم رۆژنامەیە ئەوەشی روون کردەوە کە قاسم سولەیمانی لەبەرامبەر بەوە بەڵێنی ھاوکاریی تەواوی داوە بە جەمیل بایک و پەکەکە و گوتوویەتی کە ئەوان پێیان وایە دەبێت پەکەکە دەوری مەیدانیی زیاتریان ھەبێت لەو ململانێیانەی کە ئێران ھەیەتی لە ناوچەکەدا.
 
ھەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەم دیدارەی قاسم سولەیمانی لەگەڵ جەمیل بایک، دوای ئەوە ھاتووە کە چەند لایەنێک لە حکوومەتی عێراق کارئاسانییان بۆ ئەوە کردووە کە پارتی کرێکارانی کوردستان، بارەگا و بنکەی سەربازی لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی تری عێراقدا بکاتەوە، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی لە ململانێی ئێران – عێراق لەبەرامبەر تورکیا، پەکەکە وەکو کارتێکی فشار بەکار بھێنرێت.
 
لای خۆیەوە، دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە، نزیکەی دوو ھەزار شەڕڤانیان بۆ شەڕی مووسڵ ئامادە کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش داواکارییان پێشکەش بە ھێزەکانی ھاوپەیمانان و عێراق کردووە بە مەبەستی بەشداریکرن لە شەڕی مووسڵدا و دەیانەوێت ڕۆڵێکی چالاک بگێڕن. دیار گوتیشی:”ئەگەر ئەو ھێزە تورکییەی لە باشیک و ھەرێمی کوردستان جێگیر بووە نەکشێتەوە، ئەوا ئەگەری ھەڵگیرسانی شەڕێکی تائیفی و ئیقلیمی ھەیە”.
 
ھاوکات شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا بۆ هەمان رۆژنامە رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی ھاوپەیمانان، ئەگەر پەکەکە لە شنگال بێتە خوارەوە لێی دەدرێت، گوتی: “ئەو بڕیارە تەنیا بۆ پەکەکە نییە، بەڵکو چەند ھێزێکی ناو حەشدی شەعبیش ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە”.
 
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئێران و پەکەکە و حەشدی شەعبی یەک ئەجێندایان ھەیە لە عێراق و دەستوەردانەکانی ئێران روونە لە عێراقدا، گوتی: “لە چەند رۆژی رابردوودا راوێژکارانی ئێرانی بە ٢٠ ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە ھاتوونەتە میحوەرەکانی شەڕ و سەردانی سەرکردەکانی حەشدی شەعبییان کردووە”.
 
گوتیشی: “ئەوە روونە کە ئێران پەکەکە بۆ دژایەتیی تورکیا و بۆ ئەجێندای خۆی بەکار دەھێنێ، بەڵگەی تەواویش ھەیە کە پەکەکە پارە و مووچە لە حەشدی شەعبی وەردەگرێت و پێدانی ئەو پارەیەش بۆ بەکارھێنانیەتی بۆ ئەجێندایەکی دیاریکراو”. 
Back to top button