عەدنان موفتی: پارتی و یەكێتی نزیك بوونەتەوە لە رێككەوتن لە بارەی پێكهێنانی حكومەت
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی بۆ جاری چوارەم لە بارەی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوە, سەركردەیەكی یەكێتی ڕایگەیاند، بۆچوونیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پێكھێنانی كابینەی داھاتووی حكومەتی ھەرێمی كوردستان نزیك بووتەوە. جەختیشی كردەوە، كە ئیتر كاتی ئەوەیە چارەسەری كێشەكانی ڕابردوو بكەن.
عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕاگەیاندووە: “بۆچوونی یەكێتی و پارتی لە پێكھێنانی كابینەی داھاتووی حكومەتی ھەرێم نزیك بووەتەوە، ھەرچەندە پێشتر چەند كۆبوونەوەیەك كراوە، بەڵام كۆبوونەوكانی ئەم دوایە گەشتوەتە ئەو ئاستەی كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان چۆن پێكبھێندرێت”.
ئاماژەی بەوەش دا، كە یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی دیكە دەبێ لەسەر پرسی پێكھێنانی كابینەی داھاتووی حكومەتی ھەرێم ڕێكبكەوون، گوتیشی: “ڕاستە ماوەیەكی زور بەسەر پرسی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێم تێپەڕیوە، بەڵام دەبێ لایەنە سیاسیەكان ھەوڵی ئەوە بدەن حكومەت بەزوویی پێكبێت”.
عەدنان موفتی، گوتیشی: “دوو بۆچوون لەوبارەیەوە هەن، دەكرێت حكومەتی ھەرێم پێكبھێندرێت، دواتر مەسەلەی كەركوك و بەغدا بێتە پێشەوە، بۆچوونێكی دیكەش هەیە كە ھەموو پرسەكان پێكەوە چارەسەر بكرێن، چونكە ئێمە ئەم دوو ساڵە قۆناغێكی دژوار و ناخۆشمان بردووەتە سەر، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە چارەسەری ئەو كێشانە بكەین”.
دەربارەی پەیوەندیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، عەدنان موفتی، گوتی: “پێشتر ساردی لەنێوان هەردوولادا هەبوو، تەنانەت زۆر جار كار گەیشتوەتە ئەوەی لە میدیاكانەوە تانە لە ھەڵوێستی یەكتری بدەین، بەڵام ئێستا قۆناغی ئەوەیە یەكێتی و پارتی پێكەوە دابنیشن و ڕێكبكەوون، بیگومان كۆبوونەوەكانی ئەم یەك دوو ڕۆژە باشتر بووە، بۆیە ھەموو كاتێك ڕێككەتنی پارتی و یەكێتی گرنگە، چونكە ئەو دوو حزبە ئەساسی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەن، ئەگەر ساردی بكەوێتە پەیوەندیەكانی نێوانیان، میللەت زەرەر دەكات و خۆشیان قازانج ناكەن”.