ئەڵمانیا مۆڵەت لە كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسمانی ئێران وەردەگرێتەوە, ئەمریكا پێشوازی لەو بڕیارە دەكات دەڵێت لە رێگای ئەو كۆمپانیایانە تیرۆر دەهێنرێتە ئەورووپا
دوای ئەوەی ئەمریكا 12 خاڵێ وەك سزا بەسەر ئێراندا سەپاند ئێستا ئەو وڵاتە لە ژێر فشاری گەمارۆی توندی ئابووری دایە, بە جۆرێك رۆژ لە دوای رۆژ پەیوەندیە ئابوریەكانی و ئێران لەگەڵ وڵاتانی دونیا دەپچڕێت و ئێران لاتەریك دەكرێت, لە پاڵ ئەو وڵاتانەی پەیوەندیە ئابوریەكانی لەگەڵ ئێران پچڕان ئەمڕۆ وەزارەتی رێگاوبانی حكوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی هێڵی ئاسمانیی ماهانی ئێرانی دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە 21/01/2019، وتەبێژی حكوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا لە لێدوانێكی بۆ یۆرۆنیوز رایگەیاند: “ئەم بڕیارە لە كۆبوونەوەی شاندی حكوومەتی ئاڵمانیا باس دەكرێت”.
كۆبوونەوەی شاندی حكوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا لە رۆژی چوارشەممە 23-01-2019 دەست پێدەكات و ئەگەری ئەوە هەیە، قەدەغەكردنی گەشتی ئاسمانیی ماهان لە رۆژی پێنج شەممە یان هەینی جێبەجێ بكرێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی نزیك لە حكوومەتی ئەڵمانیا ئاشكرایكردووە: “حكوومەت مۆڵەتی ئەو هێڵە ئاسمانییە ئێرانییەی هەڵوەشاندووەتەوە”.
هەر بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، حكوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا، هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەو هێڵە ئاسمانییەی بۆ “كێشەی تەكنیكی” و هەروەها ئەگەری بەكارهێنانی بۆ” ئامانجی سەربازیی” گەڕاندووەتەوە.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای فڕۆكەوانی ماهان لە وەڵامی یۆرۆنیوز لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی گەشتی ئاسمانیی لە ئەڵمانیا گووتی: “زانیاریمان لە سەر ئەم بڕیارە نییە و دەبێت لە لایەن دەستەی فڕۆكەوانی ئەڵمانی ئاگادار بكرێینەوە”.
پێشتریش رۆژنامەی “بیڵدی” ئەڵمانی لە سەرچاوەیەكی نزیك لە حكوومەتی ئەڵمانیا ئاشكرایكردبوو، مۆڵەتی كۆمپانیای ماهان بەم نزیكانە هەڵوەدەشێندرێتەوە.
بۆ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەم هەواڵە دڵخۆشكەرە و لە تویتێكدا دەڵێت: “پێشوازی لە بڕیاری حكوومەتی ئەڵمانیا دەكەین چونكە ئەو هێڵە ئاسمانییە چەك و چەكدار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوازێتەوە”.