وەزارەتی بازرگانی: جموجۆڵی بازرگانی لە هەرێم بە رێژیلا %20 زیادی كردووە
دوای ئەوەی گەمارۆكانی سەر هەرێمی كوردستان وەلانران و هەرێم لە چارەسەری قەیرانی دارایی نزیك بوویەوە, بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، جموجوڵی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان بەردەوام لەزیادبووندایە و بەراورد بە ڕابردوو لە سەدا 20 زیادی كردووە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە، “بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە بەشێكی زۆری كارگە و كۆمپانیاكان لەكار كەوتبوون، بەڵام ئێستا دەستیان بە كار كردووەتەوە و بە گوێرەی دوواین ئاماریش ئێستا لە هەرێمی كوردستان پێنج هەزار كارگەی جۆراجۆر و 20 هەزار كۆمپانیا هەیە.”
ئاماژەی بەوەشكرد، “جموجووڵی بازرگانی بەردەوام لەزیادبووندایە و بەراورد بە سەردەمی شەڕی داعش لەسەدا 20 زیادی كردووە و ئێمەش چاومان زۆر لەوە زیاترە”.
ئەدهەم راشیگەیاند، “بوونی خاڵە گومركییەكان بوونەتە ڕێگر و گرفتێكن بۆ زیادكردنی جموجووڵی بازرگانی، بۆیە ئێستا بڕیاری لادانیان دەرچووە و ئەگەر جێبەجێ بكرێت جموجۆڵەكە زۆر لەوەی ئێستا زیاتر دەبێت.”