جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، فەرمانیان كردووە وەرگێڕی زمانی كوردی لەناو ھۆڵی پەرلەمان دابنرێت و دوای ئامادەكارییەكان ئەندام پەرلەمانە كوردەكان، دەتوانن بە زمانی كوردی قسە بكەن.

 

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، “فەرمانمان بە فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەران كردووە كە لەناو هۆڵی پەرلەمان وەرگێڕ بۆ زمانی كوردی دابنێن و رێگە دراوە ئەندامانی پەرلەمان بە زمانی كوردی قسە بكەن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “بڕیارەكە دراوە و تەنیا كارە هونەرییەكە ماوە لەگەڵ ئامێرە ئەلكترۆنییەكەدا، هەروەها ژووری ڕاگەیاندن لە ناو هۆڵی پەرلەمان دادەنرێت، چەند كەسێكیش وەك وەرگێڕ تاقی كراونەتەوە”.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاندووە، لەگەڵ عەباس ناسر مەجید، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی عێراقی  كۆبووەتەوە و لە كۆبوونەوكەدا، داوای لە كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی كردووە كە رێنماییەكانی ناو فڕۆكە بە زمانی كوردیش پێشكەش بكرێت، هەروەها پێداچونەوە بە نرخی بلیتی فڕۆكەوانی لە ناوخۆدا بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق بكرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە لە خولەكانی پێشوی پەرلەمانی عێراقدا، ئەندام پەرلەمانە كوردەكان نەیاندەتوانی بە كوردی بیرو بۆچونەكانی خۆیان دەرببڕن.

Back to top button